پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆکی کۆریای باشوور، لە پەیامێکدا باری نائاسایی لە وڵاتەکە راگەیاند و دەسەڵاتی مەدەنی بەشێوەیەکی کاتی هەڵپەسارد و دەسەڵاتی دایە دەست سوپا تاوەکو کاروباری وڵات بگرێتە دەست، لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنیشی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت کودەتا بکەن و پشتگریی کۆریای باکوور دەکەن.
رۆژی سێشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2024، یوون سووک یۆل، سەرۆکی کۆریای باشوور لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا، باری نائاسایی راگەیاند و بەشێوەیەکی کاتیش دەسەڵاتی سەربازیی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاند.
بەگوێرەی یاساکە، هەموو چالاکییە سیاسییەکان، لەناویاندا ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی ناوخۆ، پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە سیاسییەکان قەدەغەن.
هەروەها دەبێت هەموو میدیا و بڵاوکراوەکان لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیی وڵاتەکەدا بن.
دوای راگەیاندنی دۆخی نائاسایی، هێزێکی تایبەتی سوپای وڵاتەکە رەوانەی باڵەخانەی پەرلەمان کرا لە شاری سیئۆلی پایتەخت، ئەمە جگە لەوەی هێزێکی زۆری پۆلیسیش لە چواردەوری پەرلەمان بڵاوەیان پێکراوە و رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە، هێلیکۆپتەری سەربازیش لە سەربانی باڵەخانەی پەرلەمان جێگیر کراوە.