پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
فراکسیۆنی زەرد لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، “دەبوایە پێش ساڵێک و لە رۆژی 3-12-2023 هەڵبژاردنی گشتیی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەنجام بدرایە بەڵام بەهۆی هەندێک هۆکار وایکرد کە هەڵبژاردنەکە نەکرێت.” یەکێتییەکە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندنیش رەتدەکاتەوە و دەڵێت دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە منداڵەکانی خۆمان.
ئەمڕۆ سێشەممە، ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا تەنها یەک جار کۆبوونەوەی مەکتەبی سکرتارییەتیان کردووە رێکخراوەکەیان بەرەو ئیفلیج بوون دەڕوات.
لەبارەی دواکەوتنی مووچە و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، فراکسیۆنی زەرد لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان رایگەیاند، “ئێمە نیگەرانین لە دواکەوتنی مووچە و پشتگیریی هەموو داواکارییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران دەکەین، مافێکی سرووشتی خۆمانە هەموو سەری مانگێک مووچەکانمان لەکاتی خۆیدا وەربگرین پێش ئەوەی ببێتە هەواڵ و مژدە، بەڵام بایکۆت لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و مامۆستایان و فەرامنبەران نییە، چونکە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە منداڵانی خۆمان و واتای ئەوەیە ئێمە بایکۆتی ئیش و کاری رۆژانەی خۆمان دەکەین.”
لەبارەی رووداوەکانی سووریا یەکێتیی مامۆستایان بەیاننامەیەکی خوێندەوە و رایگەیاند، “شەڕی سووریا بووەتە هۆی راگرتنی خوێندن و مەترسییەکی گەورەی لەسەر هاووڵاتییانی کورد لە چەند شوێنێکی وەک حەلەب و تەلرەفعەت درووستکردووە. ئێمە لەگەڵ سەندیکای مامۆستایان لە رۆژئاوای کوردستان لەسەر خەتین تاکو نامەیەک بنێرین بۆ ‘رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە’ بۆ ئەوەی بەزووترین کات رێکخراوە نێودەووڵەتییەکان فریای کوردستانییەکان بکەون.”
ئەمڕۆ 3-12-2024 ساڵێک بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕبووە کە بڕیاربوو یەکێتیی مامۆستایان لە 3ی 12ی 2023 هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایان ئەنجام بدات و فراکسیۆنی زەردی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەبەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، ” ئێمە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتیمان داوا لە سەرجەم لایەنەکانی بەشدار لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەین بە زووترین کات وادەیەک بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردن و کۆنگرە دیاری بکرێت و هەموو لایەنەکان پابەند بن پێیەوە.”
دواهەمین کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە ساڵی 2011 بوو، لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین جار بڕیاردراوە هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایان ئەنجام بدرێت، بەڵام بە وتەی خۆیان “هەر جارە و بە بیانوویەک هەڵبژاردنەکە نەکراوە و دواخراوە.”
وتیشی، “کۆدەنگی رێکخراوە جیهانی و پەروەردەییەکان هەن کە هەموویان کۆکن لەسەر دیاریکردنی وادەی بەستنی کۆنگرە و حکومەتی هەرێمیش سوورە لەسەر ئەوە.”
نزیکەی 81 هەزار مامۆستا لە هەرێمی کوردستان ئەندامە لە رێکخراوی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، رێکخراوەکە 12 لقی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە.