رەنگە دوو رووداوی زۆر دیار و كاریگەر كە یەكەمیان گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپە وەك سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و دووەمیشیان رێككەوتنی ئیسرائیل – لوبنانە كە لەرۆژانی رابردوودا بەنێوانگیری ئەمریكا و فەرەنسا قبوڵكرا، بە ئەندازەیەكی زۆر لە رۆژانی داهاتوو دۆخی سووریا بە گشتی و ناوچە كوردستانییەكەی زیاتر ئاڵۆز و پڕ كێشە و جەنگ بكاتەوە.
رووداوی یەكەم: كە گەڕانەوەی ترەمپ-ە، كاریگەری راستەوخۆی هەیە لەسەر جوڵەی هێزەكانی توركیا و تەواوی ئەو گروپ و هێزانەی نزیكن لە توركیاوە و لەناو خاكی سووریادان، چونكە لەلایەك ترەمپ و ئەردۆغان پەیوەندییەكی باشی سیاسی و ئابوورییان هەیە و لەلایەكی دیكەشەوە ترەمپ زۆر موهتەم و بایەخی لەسەر رووداوەكانی سووریا نییە و پێشتریش هەر ترەمپ بڕیاری لەسەر كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا داوە لە خاكی سوریا و جێهێشتنی بۆ بەرژەوەندی جەمسەرەكانی وەك روسیا و چین.
رووداوی دووەم، رێككەوتنەكەی ئیسرائیل – لوبنانە لە ناوچەی (هێڵی شین) و (كەناری دەریای لیتانی) لە لوبنان كە ئێستا هێزەكانی UNIFILی نەتەوەیەكگرتووەكانی تێدایە، ئەم رێككەوتنە راستەوخۆ پەیوەندی بە دۆخی سووریاوە دەبێت كە بەپێی سیگناڵی سیاسی لەدوای لوبنان خاكی سوریا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە نەخشەكەی ناتانیاهو لە خۆی گرتووە و دەیەوێت هێرشی بكاتەسەر، جگە لەوەش لەو رێككەوتنەدا كە (جۆ بایدن) و (ئیمانوێل ماكرۆن)ی سەرۆكی فەرەنسا لە بارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی لوبنان كردوویانە، داوادەكات لە ئیسرائیل كە پابەندی ئاگربەستێكی 60 رۆژە ببن و ئیسرائیل لەو خاكانەی لوبنان بكشێتەوە كە لەسەرەتای جەنگەوە داگیریكردبوو، بەڵام لەو رێككەوتنەدا هیچ ئاماژەیەك ناداتە ئیسرائیل كە هێرش نەكاتە سەر سووریا و پرد و رێگە و بانەكان نەتەقێنێتەوە، ئەگەرچی بەپێچەوانەوە هەردوو رۆژنامەی (وەتەن) و (تەشرین)ی سوریا نووسیویانە “زیانەكانی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر خاڵە سنوورییەكانی نێوان سووریا و لوبنان بەردەوامە و ئەوە دەستپێكە بۆ هێرشی زیاتری ئیسرائیل بۆ سەر سووریا”.
لەئایندەدا ئەم دوو رووداوە زیاتر لەوەی ئێستا دەبینرێت دەرگا بەسەر بارودۆخێكی ئاڵۆز و پڕ قەیراندا لە سووریا دەكەنەوە، لە ئێستاشدا هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد لە سوودی توركیا نییە و لە قازانجی كوردەكانە، هاوكات هێرشی چەكدارەكانی سەربە توركیا بۆ سەر حەلەب و چەند ناوچەیەكی دیكە لەلایەك خوتوكەی توركیایە كە كوردەكان لە تەنیشتی ئیسرائیلەوە گەورە نەكرێن و هەنگاوی زیاتر نەهاوێژن و سەرقاڵ بكرێن بە جەنگی ناوخۆیی و هێرشی ئەو مورتەزەقانەوە، لەلایەكی دیكەوە ئەو هاندان و دەستلەپشتدانەی توركیا بۆ گروپەكانی لە حەلەب و هەروەها رووداوەكەی چەند رۆژی رابردووی كەمپی هۆل، بۆ ئەوەیە لە بەشار ئەسەد نزیك ببێتەوە و رێككەوتن و گفتوگۆی نێوانیان ببێتە ئەمری واقیع بەبێ كشانەوە لەو ناوچانەی كە ئەسەد بە مەرج بۆ دیداری ئەردۆغانی داناوە.
ئەوەی ئێستا لە سووریا روودەدات، بێبنەما و بێپێشینە نییە، بەڵكو رووداوەكان لەسەر نەخشەیەكی دیار و پڕ هێڵی سیاسی و بەرژەوەندی و جەمسەربەندی دێنەپێش، بۆیە دەكرێت بڵێن نە ویستی ئیسرائیل لە سوریادا تێر بووە و نە توركیاش گەیشتۆتە مەرامەكانی، ئەمەش سوریا لە فۆرمێكی ناسەقامگیریی وەك ساڵی 2011دا، پیشان بدات.
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد