پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا و سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی دابووی، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دواجار دەسەڵاتەکانی خۆی وەک سەرۆک بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەی کوڕێکی بەناوی هەنتەر بایدن بەکارهێنا و لێخۆشبوونی بۆ دەرکرد.
رۆژی یەکشەممە، جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا لێبوردنی تایبەتی بۆ هەنتەر بایدنی کوڕی دەرکرد و لێی خۆشبوو لەکاتێکدا ناوبراو تۆمەتبار بوو بە بازرگانییکردن بە چەک و تێوەگلان لە دۆسێی خۆدزینەوە لە باج.
بایدن بەڵێنێکی خۆی شکاند کە پێشتر جەختیکردبووەوە کە دەسەڵاتە تایبەتەکانی وەک سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەرژەوەندیی ئەندامانی خێزانەکەی بەکارنەهێنێت.
ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمڕۆ واژۆم لەسەر لێبوردنی هەنتەری کوڕەم کرد، هەر لەو رۆژەوە کە دەستبەکاربووم وەک سەرۆک، وتم دەستوەردان لە پرۆسەی بڕیاردان لە دەسەڵاتی دادوەریی وڵات ناکەم، بۆ ماوەیەکی درێژ بەوەفا بووم بۆ بەڵێنەکەم، تا ئەو کاتەی بە چاوی خۆم بینیم کە بەشێوەیەکی ناداداپەراورانە مامەڵە لەگەڵ کوڕەکەم دەکرێت و دادگایی دەکرێت.”
بایدن لە درێژەی بەیاننامەکەیدا داوا لە ئەمریکییەکان دەکات بڕیارەکەی وەک “باوکێک و سەرۆک” قبوڵ بکەن.
هەنتەر بایدن بە سێ تۆمەت لە دادگای فیدراڵیی دێلاوەیر وەک تاوانبار ناسێندرا؛ تۆمەتەکانی سەر کوڕی سەرۆکی ئەمریکا بریتین لە کڕینی چەک لە ساڵی 2018 بەشێوەی نایاسایی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کۆتا تۆمەتی لە شکستهێنان لە پێدانی بڕی 1.4 ملیۆن دۆلار باج.
هەنتەر بایدن لە ساڵی 2024 تۆمەتەکانی بەسەردا ساخکرایەوە و رووبەڕووی هەڕەشەی زیندانیکردن بۆ ماوەی زیاتر لە 25 ساڵ بووەوە، بەڵام بەگوێرەی لێبوردنەکەی سەرۆکی ئەمریکا، ناوبراو لە جێبەجێکردنی سزاکانی سەری دەبەخشرێت و رووبەڕووی هیچ سزایەک ناکرێتەوە.