پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpres
سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا و لێکەوتەکانی گرێدراو بە ئاسایشی عێراق کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق ئەنجامدا و پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک دەربڕی.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی کانوونی یەکەمی 2024، د. لەتیف جەمال رەشید، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و دیدارێکیان ئەنجامدا.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە کە لەلایەن نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا “باس لە دۆخی ئەمنی لە گۆڕەپانی ناوخۆ و ناوچەیی کرا، لەو روەوە سەرۆککۆمار پاڵپشتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان و پێدانی متمانەی زیاتر پێیان دووپاتکردەوە، بە شێوەیەک تا هاووڵاتییان زیاتر هەماهەنگییان لەگەڵدا بکەن.”
سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشدا، “پێشهات و رووداوەکان لە سووریا و کاردانەوەیان لەسەر ناوچەکە بە گشتی جێی بایەخ و سەرنجی زۆرن”، هەروەها متمانەی خۆی بە ئاستی ئامادەکارییەکان لەوبارەیەوە دووپاتکردەوە و ئاماژەیکرد بە گرنگیی وەرگرتنی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پشتگیریکردن لە سەقامگیری ناوچەکە و دوورخستنەوەی زیاتری ناوچەکە لە شەڕ و کوشتار و وێرانکاری.
لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لای خۆیەوە ئەعەرەجی دڵنیاییدا بە سەرۆککۆمار لە ئامادەیی تەواوی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی بە شێوەیەک کە ئاسایشی وڵات، گیانی هاووڵاتییان بپارێزێت.”