رووسیا: فڕۆکە جەنگییەکانمان بۆ پشتیوانیی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا خستووەتەکار

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpres

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی لە سووریا بۆ پاڵپشتیی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

رۆژی یەکشەممە، میدیاکانی رووسیا لە زاری چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیان پشتڕاستیانکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای رووسیا زیاتر لە هەموو کاتێک لە سووریا ئامادەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک کە بکرێتە سەر حکومەتەکەی بەشار ئەسەد و تا ئێستا دەیان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکان.

بەگوێرەی بەیاننامەیەک کە لەلایەن روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە رووسیا لەرێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە بۆردوومان باشووری شاری ئیدلیبی ژێر کۆنتڕۆڵی دەستەی تەحریر شام کردووە و لە ئەنجامدا 4 هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون و 50 دیکەش برینداربوون.

لە راپۆرتی ئەو رێکخراوەدا هاتووە، لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە لە ئەنجامی پێکدادانەکان نزیکەی 300 کەس کوژراون کە 20 لەوانە هاووڵاتیی مەدەنین.

بەگوێرەی راپۆرتە جیهانییەکان، دوێنێ شەممە رووسیا لە پاش ساڵی 2016ەوە بۆ یەکەم جار هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر حەلەب و ژمارەیەک پێگە و خاڵی هێزە توندڕەوەکانی سەر بە دەستەی تەحریر شام بەئامانج گرتووە.

ناوەندی رووسیی بۆ ئاشتەوایی لایەنە دووژمنەکان لە سووریا لەبارەی هێرشەکانەوە وتی موشەک و بۆمبەکان ” ناوەندەکانی سەرکردایەتی و کۆگا و شوێنی تۆپهاوێژەکانی گروپە چەکدارییەکانییان ” کردووەتە ئامانج.

رووسیا لە ساڵی 2015 لەو کاتەی هەڕەشەکان لەسەر حکومەتەکەی بەشار ئەسەد لە سووریا زیادیکرد و نزیک بوو لە رووخان، بە سوودی ئەسەد دەستوەردانی سەربازیی گەورەی لە سووریا کرد و لە ئیستادا جگە لە بوونی هەزاران سەرباز و یەکەی سەربازی، هاوکات بنکەی هێزی ئاسمانی و دامەزراوەیەکی دەریاییش لە سووریا بەڕێوەدەبات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا