پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
ماوەی هەفتەیەكە گرژی و ئاڵۆزییەكان لە فەڕەنسا زیادیكردووە، لەدوای ئەوەی یەكێك لە مامۆستاكانی ئەو وڵاتە بە ناوی ساموێل باتی لەدوای دروستكردنی وێنەیەكی كاریكاتێری پێغەمبەری ئیسلام لەلایەن كەسێكی چیچانییەوە كوژرا.
پێگەی ئەلعەرەبی جەدید بڵاویكردەوە، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا رۆژی یەكشەممە ١٨ی تشرینی یەكەم بڕیاریدا ئاسایشی قوتابخانەو خوێندنگاكان پتەوتر بكات و چاودێری بانگەشەی لایەنگرانی ئیسلام لەسەر ئینتەرنێت بكات، پاش ئەوەی كەسێكی چیچانی تەمەن ١٨ ساڵ هەینی رابردوو مامۆستایەكی مێژووی لە پاریس كوشت.
لەلایەكی دیكەوە كەناڵی BMFی فەڕەنسی بڵاویكردەوە، ماكرۆن لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بەرگریدا باسی لەوە كردووە، “ئیسلامییەكان لەفەرەنسا پێشوازی مانەوەیان لێناكرێت”.
كەناڵەكە بڵاویشیكردەوە، لێكۆڵینەوە و چاودێریكردنی هەژمار و خاوەنی ٨٠ بڵاوكراوە و نامەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە پاڵپشتی خۆیان بۆ رووداوی كوشتنی مامۆستا فەڕەنسییەكە دەربڕیوە دەستپێدەكات.
هەروەها رۆژی ١٨ی تشرینی یەكەم، ئیمانوێل ماكرۆن رایگەیاند، رووداوی كوشتنی ساموێل باتی بە “تیرۆری ئیسلامی” هەژمار دەكرێت، ئەوەش بووە هۆی توڕەكردنی لایەنگرانی ئاینی ئیسلام و لەو بارەیەوە ئەحمەد تەبیب شێخی ئەزهەر لەتویتێكدا وەڵامی ماكرۆنی دایەوە و نووسی: باسكردنی ئاینی ئیسلام وەك “تیرۆر” نەزانی لەبارەی ئەو ئاینە دەهێنێتە ئاراوە و بانگەشەیە بۆ رق و كینە و توندوتیژی و شكاندنی هەستی نزیكەی دوو ملیار مسوڵمان.
بەشێك لەو شارەزایان پێیانوایە، ئەم رووداوەی فەڕەنسا كێشەی مسوڵمانانی وڵاتەكە قووڵدەكاتەوە و كاریگەری لەسەر ئەمنییەتی ئەو چینەی كۆمەڵگا دادەنێتو دەبێتە هۆی دروستكردنی تێڕوانینێكی گوماناوی لەلایەن فەڕەنسییەكانەوە بۆ مسوڵمانان.
لەدوای ئەو رووداوە وەزیری ناوخۆ و دادی فەڕەنسا بڕیاریاندا پلانێكی یەك هەفتەیی دابنێن بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی كۆنكرێتی دژی هەر كەسێك، كە بانگەشەی رقوكینە بڵاودەكاتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، رۆژی ١٨ی تشرینی یەكەم ژمارەیەكی زۆر فەڕەنسی رۆژانە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندانیان دژی كوژرانی ساموێل باتی كرد، شانبەشانی خەڵكی فەڕەنسا بەرپرسانی حیزبە سیاسییەكانیش بەشداریان لە خۆپیشاندانەكاندا كرد، هاوكات، وا بڕیارە رۆژی چوارشەممە، رێزلێنانی نیشتمانی بۆ خێزانی مامۆستا فەڕەنسییەكە سازبكرێت.
لەگەڵ ئەوەی فەڕەنسییەكان بە كوژرانی ساموێل باتی توڕە و دڵگران بوون، هاوكات، موسوڵمانانیش بەكاردانەوەی فەڕەنسییەكان و لەسەروو هەمووشیانەوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا دڵگران بوون و دەڵێن: سوكایەتی بە ئاینی ئیسلام دەكەن.
بەپێی رای بەشێك لە چاودێران و شارەزایانی سیاسی، رەنگە ئەم رووداوەی فەڕەنسا لێكەوتی نەرێنی لەسەر پێگەی موسوڵمانان لەو وڵاتە دابنێت، هاوكات ببێتەهۆی رێگریكردن لە پێدانی مافی پەنابەربوونی موسوڵمانان لەو وڵاتە.
بەهۆكاری نمایشكردنی وێنەیەكی كاریكاتێری پێغەمبەری مسوڵمانان بۆ خوێندكارەكانی، دوانیوەڕۆی هەینی رابردوو، ساموێل باتی ٤٧ ساڵ مامۆستای مێژوو، جوگرافیا لە فەڕەنسا لە نزیك ئەو پەیمانگایەی وانەی تێدا دەوتەوە لە ناوچەی كۆنفلانی پاریس سەربڕدرا، دواتر ئەو كەسەی، كە تاوانبار بوو بە كوشتنی مامۆستاكە بە ناوی عەبدوڵڵا ئەنزوروڤ، كە پەنابەرێكی روسییە و بەڕەچەڵەك چیچانییە بە فیشەكی پۆلیس كوژرا.