پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاسمان ھەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە لە سەرووی ڕووی زەوین، ئاسمان لە ڕۆژێکی ئاساییی ساماڵ بە ڕەنگی شین دەردەکەوێت، لە چاوی ئەوانەی لەسەر زەوی لێی دەڕوانن، لەگەڵ ئەوەشدا بینینی ئاسمان بەرەنگی شین چەند هۆکارێکی هەیە، هەروەها ئاسمان لەکاتی خۆرئاوابووندا بە رەنگی سوور دەبینرێت ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا رەنگی ئاسمان لە هەسارەکانی تردا بەراورد بە زەوی جیاوازە.
ئاسمان لە سەر ڕووی زەویەوە بە پێی کاتەکانی شەو و ڕۆژ و وەرزەکانی ساڵ و هەروەها بە پێی کەشوهەوا بەشێوەی جیاواز دەبینرێت، لە کاتی ڕۆژدا ئاسمان لە سەر زەویەوە بە رەنگێکی شین دەردەکەوێت، لە کاتی بەرەبەیان و خۆرئاوابووندا بە ڕەنگەکانی سوور و زەرد و پرتەقاڵی دەردەکەوێت.
هەندێک پێیانوایە، ئاسمان لە ڕەنگی شین نزیک دەبێتەوە لە کاتی ڕۆژدا، بەڵام لە کاتی خۆرئاوابووندا سوور دەبێت و لە کاتی شەودا ڕەش دەبێت، لەڕاستیدا ئاسمان هیچ ڕەنگێکی نییە (لەڕووی نەریتەوە دەکرێت بڵێین ڕەنگی ڕەشە لە کاتێکدا ڕەش لەڕووی زانستییەوە مانای بێ ڕەنگیە چونکە تیشک لە ناوەندەکەی ڕەنگ ناداتەوە)، هۆکاری ڕەنگەکانی ئاسمان ئەوەیە کە تیشکی خۆر بە تایبەتی لە کاتی تێپەڕبوونی بە کەشوهەوای زەویدا و بەرکەوتنی لەگەڵ پێکهاتەکانی وەک هەوا و تۆز و شتی تر، ڕەنگدانەوە و شکان دەکات، هەروەها جیاوازی هەستیاری چاوی مرۆڤ بۆ ڕەنگەکان دەبێتە هۆی ئەوەی مرۆڤ ئاسمان بە شین ببینێت.
بۆچی ئاسمان ڕەنگی شینە
هۆکاری شینی ئاسمان دەگەڕێتەوە بۆ ڕووناکی خۆر، چونکە هەر وەک ئاشکرایە ڕووناکی سپی(خۆر) لە حەوت ڕەنگ پێک دێت ئەوانیش (سوور، پرتەقاڵی، زەرد، سەوز، شین، نیلی و بنەوشەیی)کە ئەم ڕەنگانە هەریەکە و شکانەوەی تایبەتی هەیە کە ناوەندەکەی دەگۆڕێت لە بۆشاییەوە بۆ ناوەندێکی چری زیاتر، بەشێوەیەک کە ڕەنگی شین لە هەموو ڕەنگەکان زیاتر دەشکێتەوە و ڕەنگی سوور لە هەموویان کەمتر توشی شکانەوە دەبێت، کاتێک کە تیشکی خۆر دەگاتە بەرگەهەوای زەوی شکانەوە ڕوودەدات و شکانەوە زۆرەکەی ڕەنگی شین دەبێتە هۆی شاردنەوەی ڕەنگەکانی تر و دەرکەوتنی ئاسمان بە ڕەنگی شین، هەروەها ڕەنگە جیاوازەکان هەموویان درێژی شەپۆلی جیاوازیان هەیە، لە یەکێک لە کۆتاییەکانی شەبەنگدا ڕووناکی سوور هەیە کە درێژترین درێژی شەپۆلی هەیە و لە لایەکی دیکەش ڕووناکی شین و مۆرە کە درێژی شەپۆلیان کورتترینە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر بڵاوببێتەوە، بەهۆی ئەوەی شەپۆلە کورتەکانی ڕەنگی شینی کاڵ زیاتر لە ڕەنگەکانی دیکەی شەبەنگیی پەرتبوون و بڵاوبوونەتەوە، ئەمەش وا دەکات ڕووناکی شین زیاتر بینراو بێت.
بۆچی لەکاتی خۆرئاوابوون رەنگی ئاسمان سوورە
لە کاتی خۆرهەڵاتن یان خۆرئاوابوون، ئاسمان ڕەنگی دەگۆڕێت، کاتێک خۆر لە ئاسماندا نزمە، ڕووناکییەکە دەبێت مەودایەکی درێژتر بەناو بەرگەهەوای زەویدا بڕوات تا بە ئێمە دەگات، لەم کاتەدا ئاسمان بە ڕەنگی شین نابینین، چونکە ڕەنگی شین بەتەواوی بڵاودەبێتەوە، لەجیاتی ئەوە، ڕووناکی سوور و پرتەقاڵی دەبینین کە درێژی شەپۆلی زیاتریان هەیە و زۆر بڵاو نەبوونەتەوە، بۆیە خۆر و ئاسمان لە بەیانی و ئێوارەدا سوور دەردەکەون.
ئاسمان لە هەسارەکانی تردا چۆنە؟
هەسارەکانی دیکەی کۆمەڵەی خۆر کەشوهەوایەکی جیاوازیان لەگەڵ زەوی هەیە، واتە رەنگی ئاسمانیش بە جیاوازتر دەبینرێت، ئەمەش لەبەرئەوەی ڕووناکی بەشێوەیەکی جیاواز لەگەڵ کەشوهەوای دیکە کارلێک دەکات، بۆ نموونە، کەشوهەوای مەریخ زۆر لاوازترە لە کەشوهەوای زەوی، کەشەکەی لە یەک لەسەدی زەوی کەمترە.
ئەگەر لە بۆشایی ئاسمان نزیک بینەوە، ئاسمان بە رەنگی ڕەش دەبینین، چونکە هیچ شتێک ڕووناکی خۆر پەرش ناکاتەوە پێش ئەوەی بگاتە چاوەکانمان، بەپێچەوانەی زەوی، کەشوهەوای مەریخ پڕە لە تۆزێکی باریک، کە زۆربەیان دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە، ئەم تەنانە ڕووناکی بە شێوەیەکی جیاواز لە کەشوهەوای زەوی بڵاودەکەنەوە.
وێنەکانی بۆشایی ئاسمان و فڕۆکە ئاسمانییەکانی ناسا بۆ مەریخ دەریانخستووە کە خۆرئاوابوون لە مەریخ پێچەوانەی زەوییە، لە نیوەڕۆدا، ئاسمانی مەریخ ڕەنگی پرتەقاڵ یان سوور دەبێت و رەنگی شینی ئاسمانی مەریخ تەنیا لە کاتی بەرەبەیان و خۆرئاوابووندا بە ڕوونی دەبینرێت.
هەسارەکانی دیکە، بەرگەهەوایەکی جیاواز لە زەوییان هەیە، بۆیە ئاسمانیان جیاواز دەبێت، بۆ نموونە، بەرگەهەوای مەریخ زۆر تەنکترە لە بەرگە هەوای زەوی. چڕی کەمی گەردەکانی هەوا مانای ئەوەیە کە بڵاوبوونەوەی ڕایلی کە هۆکاری شینبوونی ئاسمانی زەوییە لەسەر مەریخ کاریگەرییەکی زۆر کەمی هەیە.
بەهۆی بوونی هێزێکی کەمتری کێشکردن، تەنۆلکەکانی خۆڵی سوور دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر لە بەرگەهەوادا بمێننەوە بەراورد بە زەوی، دواتر لەبەر ئەوەی تەنۆلکە گەورەکانی خۆڵ ڕووناکی شینی درێژەشەپۆلی کورت هەڵدەمژن، ڕەنگەکانی تر کە ماونەتەوە بڵاودەبنەوە و ڕەنگی پرتەقاڵییەکی مەیلەو زەرد، کە دەتوانین بڵێین ڕەنگێکی تا ڕادەییەک سووری هەیە بەسەر ئاسمانی مەریخدا زاڵ دەبێت، بەڵام لە کاتی خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون لەسەر مەریخ، تیشکی خۆر مەودایەکی درێژتر بە بەرگەهەواکەیدا دەڕوات و بەم شێوەیە تا ڕادەیەک هاوشێوەی ئەستووریی بەرگەهەوای سەر زەوییە، لەم کاتەدا ڕووناکی شین بە هەموو ئاڕاستەکاندا بڵاو دەبێتەوە و درێژەشەپۆلە درێژترەکانی ڕووناکی بەهیچ شێوەیەک بڵاو نابنەوە بەمەش لە کاتژمێرەکانی دەوروبەری بەیانی و ئێواراندا ئاسمانی مەریخ بە رەنگی شین دەبینرێت.