پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پاش زیاتر لە ساڵێک لە شەڕ و ململانێ، دواجار ئیسرائیل و لووبنان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن و ئاگربەستێکی 60 رۆژییان واژۆکرد کە دەکرێت رێگە خۆشبکات بۆ خاوبوونەوەی گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پاش رۆژێک لە هێرشی بزووتنەوەی چەکداریی حەماس بۆسەر ئیسرائیل و لە رۆژی 8ی ئۆکتۆبەری 2023، حزبوڵڵای هاوپەیمانی بزووتنەوە فەڵەستینییەکە شەڕی دژی ئیسرائیل راگەیاند و لە باشووری لووبنان کە هاوسنووری ئیسرائیلە، دەستی بە هێرش و پەلامارەکانی کرد بۆسەر ئیسرائیل، کە لە ئەنجامدا دەیان هاووڵاتیی سڤیلی ئیسرائیلی کوژران و زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی دیکەش ئاوارەبوون.
سوپای ئیسرائیل بەمەبەستی جێگیرکردنەوەی دانیشتوانەکەی لەو ناوچانەی بەهۆی هەڕەشەکانی حزبوڵڵاوە لە باکووری وڵات ئاوارەبوون، دەستی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی لە باشووری خاکی لووبنان کرد و توانی لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، بە قوڵایی 6 کیلۆمەتر خاکی لووبنان ببەزێنێت و حزبوڵڵا و سوپای ئەو وڵاتە ناچار بە پاشەکشێ بکات.
هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا لە لووبنان لانیکەم بووەتە هۆی کوژرانی سێ هەزار و 800 لووبنانی و ئاوارەبوونی زیاتر لە یەک ملیۆن و 200 هەزاری دیکە، ئەمە بەگوێرەی داتاکانی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کە بڵاویانکردووەتەوە.
ئیسرائیل هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵکو ئۆپراسیۆنی لەناوبردنی سەرکردەکانی حزبوڵڵای دەستپێکرد و تەواوی ئەندامانی سەرکردایەتیی ئەو گرووپەی لە هێرشی یەک لە دوای یەکدا کوشت.
حزبوڵڵای لووبنانی پێش دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشووری لووبنان، بانگەشەی “یەکبوونی سنووری لووبنان و غەززە”ی دەکرد، رێگەی بە سوپا نەدەدا کە لەو ناوچە سنوورییانە جێگیرببێت و ئاسایشی خەڵکی مەدەنی بپارێزێت، بەڵکو بەتەنها گرووپەکە لەو ناوچانە بوونی هەبووە و هەموو جۆرە چالاکییەکی سەربازی دژی سوپای ئیسرائیل ئەنجام دا. هەروەها هەموو جۆرە هەوڵێکی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێكی بۆ لووبنان رەتدەکردەوە کە بە رەزامەندی ئەو نەبوایە، بەڵام ئێستا لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا سازشی لەسەر زۆرینەی ئەو خاڵانە کردووە.
دواجار بە نێوەندگیریی ئەمریکا و بە چاودێریی 5 وڵاتی جیهانی، ئیسرائیل و لووبنان هاتنە سەر مێزی گفتوگۆ و مەرجەکانی یەکتریان بۆ ئاگربەست قبوڵکرد کە دیارترینیان کشانەوەی حزبوڵڵا و دوورخستنەوەی چەکە قورسەکانیەتی لە باشووری لووبنان.
گرنگترین خاڵەکانی ئاگربەستەکە
- ئاگربەستەکە لە کاتژمێر 5ی بەیانی رۆژی چوارشەممە بە کاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
- سوپای ئیسرائیل لە ماوەی 60 رۆژدا وردە وردە لە لوبنان دەکشێتەوە و چەکدارانی حیزبوڵڵاش شوێنەکانیان بۆ باکووری
رووباری لیتانی دەگوێزنەوە کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سنووری ئیسرائیلەوە دوورە. - سوپای و هێزە ئەمنییەکانی لووبنان دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا دەگرن کە ئێستا لەلایەن سوپای ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانەوە کۆنترۆڵکراون.
- لە ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست، مافی بەرگریکردن دراوە بە هەردوو وڵات بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
- سوپای ئەمریکا بە هاوکاری سوپای فەرەنسا پاڵپشتی تەکنیکی پێشکەش بە سوپای لوبنان دەکات.
- لیژنەیەکی سەربازی کە چەند وڵاتێک تێیدا بەشدارن پاڵپشتیی زیاتر بۆ سوپای لووبنان دابین دەکەن لەڕووی کەرەستە و مەشق و راهێنان و داراییەوە.
- ئەمریکا و فەرەنسا جێگەی هێزە کاتیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لووبنان (یونیفیل) دەگرنەوە و هاوشێوەی میکانیزمە سێ قۆڵییەکەی دوای جەنگی 2006 کە بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لووبنان دامەزرا، کاردەکەن بۆ هەمان مەبەست.
- پێنج وڵاتی جیهانی چاودێری جێبەجێکردنی گرێبەستەکە دەکەن و لەلایەن ئەمریکاوە سەرۆکایەتییان دەکرێت، هەر پێشێلکارییەک لە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە لەلایەن هەر لایەکەوە بکرێت، لیژنەکە دەستنیشانی دەکات و چارەسەری خێرایان بۆ دەدۆزێتەوە.
سوپای لووبنان جێگەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لووبنان دەگرێتەوە
سەرلەبەیانی رۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵا، سوپاکەیان لە پێگەکانی خۆیان لە باشووری لوبنان دەمێننەوە و داوای لەو دانیشتانە ئاوارەکانی ئەو ناوچانەی لووبنان کرد کە تا ئەوان لەوێ بمێنن نەگەڕێنەوە و خۆیان وادەیەک بۆ گەڕانەوەیان دیاریدەکەن.
بەگوێرەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، ئیسرائیل بە پلان و وردە وردە هێزەکانی لە ماوەی 60 رۆژدا دەکشێنێتەوە و سوپای لووبنان جێگەیان دەگرنەوە بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە جارێکی دیکە حزبوڵڵا نابێتە هۆی مەترسی بۆسەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل.
هەڵوێستی ئێران لەبارەی ئاگربەستەکەوە
ئێران کە بە پاڵپشتیکاری حیزبوڵڵای لووبنانی دادەنرێت، پێشوازی لە بڕیارەکە دەکات و بە کۆتایی “دووژمنکارییەکانی” ئیسرائیل لە لوبنان ناوی دەبات.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رۆژی چوارشەممە پاڵپشتی لە هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە لووبنان کرد ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپای تۆمەتبار کرد بە پشتیوانی لە کردەوەکانی ئیسرائیل.
ئێران لە رێگەی وتەبێژەکەیەوە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ وەستاندنی ململانێکان لە غەززە هاوشێوەی لووبنان.
بایدن: رێککەوتنی لووبنان دەکرێت ببێتە نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەری پرسی غەززە
لای خۆشیەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستەکەی بە “وەستانی هەمیشەیی کوشندەترین ململانێی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە ماوەی دەیان ساڵدا” وەسف کرد. هەروەها هۆشداریشیدا لەوەی ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات ئەگەر حزبوڵڵا رێککەوتنەکە پێشێل بکات بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئاگربەستەکە “مژدەی دەستپێکی نوێی بۆ لووبنان پێیە.”
بایدن ئاماژەی بەوەشکرد، ئاگربەستەکە دەتوانێت ببێتە نەخشەرێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس کە تا ئێستا لە غەززە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، “وەک چۆن گەلی لوبنان شایەنی ئایندەیەکی ئاسایش و خۆشگوزەرانییە، خەڵکی غەززەش شایستەی ئایندەیەکی پڕ لە ئاسایش و خۆشگوزەرانین. ئەوانیش شایستەی کۆتایی هاتنی شەڕ و ئاوارەبوونن. خەڵکی غەززە بە دۆزەخدا تێپەڕیون”.