پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە ئاستەنگە جیددییەکانی بەردەم مرۆڤایەتی و هەسارەی زەوی لە ئێستادا، بەو پێیەی ئەو کاریگەرییانەی لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا دروست دەبن، تەنها پەیوەندییان بە ژینگەوە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ژیانی مرۆڤ و تەندروستی گشتی هەیە.
لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و توانەوەی سەهۆڵ لە جەمسەرەکان و زیادبوونی توندی زریان و لافاو و درێژبوونەوەی وەرزی وشکە ساڵی و زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان، تا دەگاتە زیادبوونی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی هەوا و مەترسیەکانی سەر ئاسایشی خۆراک، گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە بژێوی ژیان و تەندروستی گشتی دەکات و هەسارەکە نزیک دەکاتەوە لە خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیدار.
ئاڵنگاری تەندروستی هەڕەشە لە هەسارەکەمان دەکات
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی گۆڕانی کەشوهەوای بە گەورەترین مەترسی تەندروستی وەسفکردووە کە ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە، بەو پێیەی مەترسییەکانی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگەیی ڕوو لە زیادبوون دەکەن، ئەگەری زۆرە ئەم مەترسیانە بەرەوپێشچوون لە تەندروستی گشتیدا خاو بکەنەوە و سیستمە تەندروستییەکان پەکبخات و بڵاوبوونەوەی پەتاو نەخۆشییەکان زیاتر بکەن.
ڕاپۆرتێکی ئەم دواییە بە ناوی “دە تێگەیشتنی نوێ لە زانستی کەشوهەوادا” کە لەلایەن هاوپەیمانییەکی جیهانی زانایانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاستەنگە گرنگەکانی کەشوهەوا ئاشکرا دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەترسی لەسەر تەندروستی زاوزێی دایکان دروست دەکات.
هەندێک ناوچە، وەک ناوچە شاخاوییەکان، شەپۆلی گەرمای نوێ بەخۆیەوە دەبینن، کە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ دانیشتووانیان دەبێت
ڕاپۆرتەکە هۆشداری دەدات لە کاریگەرییە توندەکانی کەشوهەوا کە ڕەنگە ژیان لەسەر زەوی نەهێڵێت، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا لە ئێستادا بەرپرسیارە لە 37%ی مردن کە بەهۆی گەرماوە لەسەر ئاستی جیهان لە ماوەی 1991 تا 2018، و بەگوێرەی زانایان، پێدەچێت ئەمە خراپتر ببێت بەهۆی شەپۆلەکانی گەرمای ئەم دواییە لە ساڵی 2022ەوە، کە تێیدا پلەکانی گەرما ئاستی پێوانەیی تێپەڕاندووە.
هەندێک ناوچە، وەک ناوچە شاخاوییەکان، شەپۆلی گەرمای نوێ بەخۆیەوە دەبینن، کە لێکەوتەی مەترسیداری بۆ دانیشتووانیان دەبێت وەک لەدایکبوونی پێشوەختە و کێشی کەم لە کاتی لەدایکبوون و لەدایکبوونی مردوو و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی سپێرم لە نێرەکاندا.
ئەگەری زۆرە نەخۆشییە درمیەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زیادببن، بەتایبەتی نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو و مێرووەکان، ئەمەش بەڵگەی زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە سکچوون لە منداڵاندا کە لە هەندێک ناوچەدا لە کاتی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوادا بەدی دەکرێت.
کارەساتی کەشوهەوا
لافاوی وێرانکەر لە ئیسپانیا، زریانی گەورە لە فلۆریدا و ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە ئەمریکای باشوور کە لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام ڕوویانداوە، نموونەی ئەم دواییەی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوان کە لە سەرانسەری جیهاندا خێراتر و چڕتر دەبنەوە.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی کەشناسی جیهانی، ساڵی 2024 خەریکە گەرمترین ساڵ دەبێت لەو کاتەوەی پلەکانی گەرما دەستیان بە تۆمارکردن کردووە.
ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکخراوەکە لە یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسی لایەنەکانی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (COP29) کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە شاری باکۆی پایتەختی ئازەربایجان کۆتایی هات، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە چاودێری جیهانی دەردانی گازی گەرمخانەیی گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی.
هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە کەمبوونەوەی ڕووبەری سەهۆڵی دەریایی لە ناوچەی جەمسەری باشوور دەکات، چونکە گەیشتە دووەم نزمترین ئاستی خۆی کە لەلایەن مانگە دەستکردەکانەوە چاودێری دەکرێت (لە ماوەی ساڵی 1979 تا 2024 ).
داهاتووی هەسارەکەمان لە مەترسیدایە
هەسارەی زەوی ڕووبەڕووی باری نائاسایی کەشوهەوا بووەتەوە و دەرفەتی هەنگاونان بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی کە دەتوانرێت ڕزگار بکرێت، بە خێرایی کەم دەبێتەوە بەپێی ڕاپۆرتی دەردانی گازی ژەهراوی لە بۆشاییدا بۆ ساڵی 2024 کە لەلایەن بەرنامەی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، ڕووبەڕووی سێ سیناریۆ دەبینەوە: یان قۆستنەوەی دوا دەرفەت بۆ سنووردارکردنی جیهانی گەرمبوونەوە بۆ 1.5 پلەی سەدی، ئەمەش پێویستی بە کەمکردنەوەی 57%ی دەردانی گازی گەرمخانەیی هەیە لە ماوەی 10 ساڵی داهاتوودا، یان کێشە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ 2 پلەی سەدی، یان ڕووبەڕووی لێکەوتەی کارەساتبار دەبێتەوە لە 2.6 پلەی سەدی و زیاتر.
دەرچوون لەم قەیرانەی کە ڕووبەڕووی هەسارەکە دەبێتەوە پێویستی بە زیادبوونی بەرچاو هەیە لە جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای وزەی نوێبووەوە وەک خۆر و وزەی با، نەهێشتنی سووتەمەنی بەردینی لە کەرتی پیشەسازی و وزە و پەسەندکردنی ڕێبازێکی ئابووری هەمیشەیی.