“ربع الله”.. ئەو گروپەی بارەگای لقی پێنجی پارتی-یان سووتاند

پۆڵەتیك پرێس:
دوو هەفتە لەمەوبەر هۆشیار زێباری وەزیری دەرەوەی پێشووی عێراق لەلێدوانێكی داوای “پاككردنەوە”ی ناوچەی سەوزی بەغدای كرد لەبوونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، ئەوەش بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی حكومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان لە ناوچەكەدا.

هۆشیار زێباری، كە لەبەرنامەیەكی كەناڵی ئەلحوڕەدا قسەی كرد، قسەكانی كاردانەوەی توندی دروست كرد، بەتایبەت لای سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەعێراق‌و گروپە چەكدارییەكانی حەشدی شەعبی بەگشتی.

دوای لێدوانەكە، گروپێك، كە خۆیان بە “ربع الله” ناساندووە، هەستان بە وروژاندنی پرسەكەو هێرشیان كردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموكرات لەشاری بەغداو بەتەواوی سوتاندیان.

گروپێك، كە خۆیان بە “ربع الله” ناساندووە، هەستان بە وروژاندنی پرسەكە

بەپێی سەرچاوەیەك لەدەزگای هەواڵگری سەر بەوەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو گروپە تازە پێكهێنراوە، بەڵام بە شێوەیەك ڕێكخراوە، كە دیارە پەیوەندی بەگروپەكانی پێشووتر هەیەو هەماهەنگی یەكتری دەكەن.

سەرچاوە هەواڵگرییەكە بۆ كەناڵی “الحوڕە” راشیگەیاند، ئێمە لەو باوەڕەداین، كە ئەو گروپە سەر بەمیلیشیای لیوای حیزبوڵان و ڕەنگە لقێكی بەشی ڕاگەیاندنی حیزبوڵڵا بێت‌و بن‌و بەو ناوەوە خۆیان راگەیاندووە.

بەوتەی سەلمان دەهام، شارەزا لەگروپە چەكدارەكانی عێراق، هێرشەكانی ئەو گروپە هەڵگری هەمان قاڵبن، كە گروپەكانی حیزبوڵڵا پەیڕەوی دەكەن، كە لەكردەوەكانیان بەوروژاندنەوە دەستپێدەكەن‌و لەرێی دەیان ئەكاونتی تویتەری ساختەوە بانگەشە دەكەن، بۆ ئەو كارەی دەیانەوێت بیكەن.

“ربع الله” دەستەواژەیەكە لەزاراوەی عێراقیدا ناونیشانێكی بەهێزی نییە، بەوتەی دەهام ئەو گروپە هەمیشە دەستەواژەی جیاواز بۆ چالاكی‌و جموجوڵەكانیان بەكاردەهێنن.

“ربع الله” دەستەواژەیەكە لەزاراوەی عێراقیدا ناونیشانێكی بەهێزی نییە

دەهام، وتیشی: ئەو ناوە پێكەنیناوییانە بۆ بازرگانیكردنە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا، بەڵام زۆر ئاشكرایە كۆمەڵێك كەسی جدیترن، كە هەوڵدەدەن ئەو گروپانە وەك گروپی گەنجانی سەربەخۆ وێنا بكەن‌و ئامانجەكانی خۆیانی پێ بەدی بهێنن.

رۆژی شەممەی رابردوو 17ی تشرینی دووەم، ئەو ئۆتۆمبیلانەی ئاڵای حەشدی شەعبییان هەڵگرتبوو، ناوی ئەو گروپەیان لەسەر بوو، كە هێرشیان كردە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی‌و پاشان سووتاندیان.

ئەو گروپە پێشتریش بەهۆی ئەوەی لەیادی عاشوورادا گۆرانی پەخش كردبوو، كەناڵی دیجلەیان لەشاری بەغدا سووتاندو هەڕەشەی ئەوەشیان كرد، كە بەرێوەبەری كەناڵەكە دەكوژن.

شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی محەمەد جیبران گروپی “ربع الله” وەك “بەڵتەجییەكانی حوسنی موبارەك” و “شەبیحەكانی سوریا” وەسف دەكات.

جیبران لەمیانی لێدوانێكی وتی: ئەو گروپە زۆر ڕێكخراوترو كارامەترە لەوەی دەردەكەوێت، چونكە هەمیشە هێرشەكانیان بۆ سەر قووڵایی ستراتیژی بەرانبەرە.

ئەو گروپە زۆر ڕێكخراوترو كارامەترە لەوەی دەردەكەوێت

هەر بەوتەی جیبران، ئێستا ئەو گروپە هەوڵ دەدەن، شەرعییەت بۆ كردەوەكانیان بەدەست بهێنن‌و باس لەوە دەكەن، كە ئەوان بەرگری لەبەیتی شیعی دەكەن لەعێراق‌و ناوچەكەدا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا