ئەو سەرکردانەی لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە

پۆڵه‌تیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دەیان ساڵە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکان و سەرۆکی دەوڵەتان دەردەکات بەو باوەڕەی کە تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، یان جینۆسایدیان ئەنجامداوە، هەندێکیان لە ڕاستیدا دەستگیرکران و دادگایی کران، هەندێکیان بێتاوان دەرچوون و هەندێکی دیکەشیان بە ئازادی مانەوە و نەیانتوانی دەستیان پێ بگات و نە دەستگیر بکرێن.

ئەمانەی خوارەوە دیارترین ئەو سەرکردە و سەرۆکی دەوڵەتانەن کە دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی دەرکردووە:

بنیامین ناتانیاهۆ و یواڤ گالانت

ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2024، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان دوو فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت، وەزیری بەرگری پێشووی ئیسرائیل دەرکرد و ڕایگەیاند، “هۆکاری لۆژیکی” هەیە کە ئەوان تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتییان لە کەرتی غەززە، ئەنجام داوە.

دادگاکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، “هۆکار هەیە بۆ ئەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە ناتانیاهۆ و گالانت سەرپەرشتی هێرشەکانی سەر خەڵکی مەدەنییان کردووە”، هەروەها ڕایگەیاندووە، ئەو تاوانە جەنگییانەی کە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەوان بریتین لە بەکارهێنانی برسێتی وەک چەکی جەنگ، هەروەها تاوانەکانی دژەمرۆڤایەتیش دەگرێتەوە کە لە کوشتن و گۆشەگیری و کردەوە نامرۆڤەکانی دیکەدا خۆی دەبینێتەوە.

ڤلادیمێر پوتین

ڕۆژی 18ی ئازاری 2023، دادوەرانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە ئۆکرانیا، فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا دەرکرد.

دادگاکە داوای دەستگیرکردنی پوتین دەکات بە گومانی بەرپرسیارێتی دیپۆرتکردنەوەی منداڵان و گواستنەوەی خەڵک بەبێ پشتیوانی یاسایی لە ئۆکرانیا بۆ ڕووسیا لە سەرەتای شەڕی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2022 ەوە.

کرێملین ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە پاڵنەرێکی سیاسییە و فەرمانی دەستگیرکردنی بە “ئیستفزازی و قبوڵنەکراو” وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە دەرچووە “هیچ بەها و گرنگییەکی نییە بە هیچ شێوەیەک.”

عومەر ئەلبەشیر

لە 14ی تەمموزی 2008دا، داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، لویس مۆرینۆ ئۆکامپۆ، داوای لە دادوەرەکانی دادگاکە کرد کە فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆکی پێشووی سودان دەربکەن بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید دژی هۆز و گروپەکانی دژبەری لە ناوچەی دارفور لە ڕۆژئاوای سودان.

لە 4ی ئازاری 2009، بەشیر بووە سێیەم سەرۆکی دەوڵەت کە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی دەرکرد، دوای چارڵز تایلەر سەرۆکی پێشووی لیبێریا و سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ سەرۆکی پێشووی یوگۆسلاڤیا.

ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن دادگاوە ئاراستەی بەشیر کرابوون بریتی بوون لە کوشتن، قڕکردن، دەستدرێژی، ئەشکەنجەدان، گواستنەوەی زۆرەملێی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل، و تاڵانکردنی موڵک و ماڵی ئەوان ئەمە یەکەمجار بوو کە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیرکردنی لە دژی سەرۆکی دەوڵەت دەربکات لە کاتێکدا کە هێشتا لە دەسەڵاتدا بوو.

سلۆبۆدان میلۆسێڤیچ

لە مانگی ئایاری ساڵی 1999 دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان سلۆبۆدان میلۆسێڤیچی سەرۆکی پێشووی سربیایان تۆمەتبار کرد، هەروەها بە بەرپرسیاریان زانی لە تاوانەکانی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانەکانی پاکتاوی نەتەوەیی دژی موسڵمانانی بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، ئەلبانیا و کۆسۆڤۆ لە ساڵانی نەوەدەکاندا.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان لە دادگاییەکی مێژووییدا دۆسیەی سەرۆکی پێشووی یوگۆسلاڤیای کردەوە کە سەدان شایەتحاڵ ئامادەبوون بۆ شایەتیدان لەسەر ئەنجامدانی دەیان کاری دڕندەیی و زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی و جۆرەکانی گۆشەگیری لە سەردەمی شەڕەکانی باڵکاندا.

دادگاییکردنی میلۆسێڤیچ بە گرنگترین دادگاییکردن لە ئەوروپا دادەنرا کە لەدوای دادگاییکردنی سەرکردەکانی نازی لە نورنبێرگ لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، داواکاری گشتی دادگاکە لەو کاتەدا، کارلا دێل پۆنتێ، ڕایگەیاندبوو، ململانێکانی باڵکان لە ساڵانی نەوەدەکاندا “دڕندەیی هاوشێوەی دڕندەیی سەدەی ناوەڕاستیان نیشانداوە”. دڕندەیی کە زۆر سنووری شەڕی شەرعی تێپەڕاند”.

لۆران گباگبۆ

لە 23 ی تشرینی دووەمی 2011 دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەرۆکی پێشووی کەناری عاج لۆران گباگبۆ دەرکرد بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و دەستدرێژی و جۆرەکانی تری توندوتیژی سێکسی و گۆشەگیری و مامەڵەی نامرۆڤانەی دیکە.

گباگبۆ لە مانگی نیسانی ساڵی 2011 لە شاری کۆرۆگۆ لە باکووری کەناری عاج دەستگیرکرا. لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا، گواسترایەوە بۆ هۆڵەندا و بەپێی ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەی کە لە دژی دەرچووە، ڕادەستی دادگا کرا.

لە تۆمەتنامەکەدا هاتووە کە گباگبۆ “بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداری کردووە” لە ئەنجامدانی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی لە کاتی ئەو توندوتیژیانەی دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2011 دا روویاندابوو، لەوانە کوشتن، دەستدرێژی، کردەوەی نامرۆڤانە و گۆشەگیری کە لەلایەن هێزەکانیەوە لە نێوان 16ی کانوونی دووەمی 2010 تا 12ی نیسانى 2011 ئەنجامدراون.

لە شوباتی 2019، دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان گباگبۆی ئازادکرد، دوای ئەوەی لە مانگی یەکدا لە هەمان ساڵ لە تۆمەتی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بێتاوان دەرچوو.

چارڵز تایلۆر

لە ساڵی 2006 چارڵز تایلۆر سەرۆکی پێشووی لیبریا لە نەیجیریا دوای فەرمانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانبارکردنی بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و پێشێلکردنی جددی مافی مرۆڤ لە نەیجیریا دەستگیرکرا.

دادگاکە تۆمەتباری کرد بە پارە و پشتیوانیکردنی یاخیبووانی بەرەی یەکگرتووی شۆڕشگێڕ لە سیرالیۆن لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئەڵماس کە لەم وڵاتەی ڕۆژئاوای ئەفریقادا زۆرە، هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لەو شەڕە ناوخۆییانەی کە لیبریا و وڵاتانی دراوسێی گرتەوە، کە بە گشتی نزیکەی 400 هەزار کوژراویان لێکەوتەوە.

لە مانگی نیسانی ساڵی 2012 دادگا تایلۆری بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی سزا دا، هەروەها سزای 50 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا.

ئوهورو کینیاتا

دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ئۆهورو کینیاتا، سەرۆکی پێشووی کینیا دەرکرد بە تۆمەتی ئه‌نجامدانى جینۆسایدی نەتەوەیی دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2007، کە دواتر ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری لە نێوان لایەنگرانی و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆندا ڕوویدا کە تێیدا 1200 کەس کوژران.

دادگاییکردنی کینیاتا لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2013 دەستیپێکرد و لە مانگی کانوونی دووەمی 2014 دا داواکارانی گشتی لە دادگا تۆمەتەکانی تاوانی دژە مرۆڤایەتییان لەدژی کینیاتا هەڵوەشاندەوە.

سەیف ئەلئیسلام قەزافی

لە ساڵی 2011 دا دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سەیف ئەلئیسلام قەزافی کوڕی عەقید موعەمەر قەزافی نەمر لە لیبیا دەرکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە کاتی هەڵمەتی سەرکوتکردن لە دژی شۆڕشی 17 ی شوباتی 2011 کە ڕژێمی باوکی ڕووخاند دوای ئەوەی زیاتر لە 40 ساڵ حوکمڕانی لیبیای کرد.

دوای ڕووخانی ڕژێمی قەزافی، گرووپێکی چەکداری لیبیا سەیف ئەلئیسلامیان دەستگیرکرد و زیندانییان کرد و لە مانگی ئابی 2013 دادگاییکردنی لە لیبیا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست، کوشتنی بەکۆمەڵ، ئەشکەنجەدان، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و دەستدرێژی سێکسی دەستیپێکرد.

ناوبراو لە مانگی حوزەیرانی 2017 ئازاد کرا، هەر دوای ئەوە، داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی داوای دەستگیرکردن و تەسلیمی دادگای کرد، هەروەها لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو فەرمانی دەستگیرکردنەی کە لە ساڵی 2011 دژی ناوبراو بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دەرچووە هێشتا ڕەوایە.

فرانسوا بۆزیزه‌

لە 27 ی شوباتی2024 ، فەرمانی دەستگیرکردنی نێودەوڵەتی دەرچوو کە تێیدا داوای دەستگیرکردنی فرانسوا بۆزیزە، سەرۆکی پێشووی ئەفریقای ناوەڕاست کرا بە تۆمەتی بەرپرسیارێتی تاوانەکانی دژە مرۆڤایەتى.

دادوەرەکانی دادگاکە بەو ئەنجامە گەیشتن کە “بەڵگەی جددی لە دژی بۆزیزە هەیە کە ئاماژە بە بەرپرسیارێتی تاوانکارییەکەی دەکات، چ بە شێوەیەکی شەخسی و چ لە پلەی سەرۆک و فەرماندەی سەربازیدا”.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا