جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا… گرنگترین ڕووداوی سەدەی 21

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

هەزار ڕۆژ بەسەر جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت، لەئێستادا جەنگەکە پێی ناوەتە ساڵی سێیەمەوە، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەموو جیهان هەیە و لێکەوتەکانیشی کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە، کاریگەری جەنگەکە دەکرێت جیهانی بێت نەک تەنها ناوچەیی، بەشێکی زۆری دەوڵەتە بەهێزەکان لە جەنگەکەدا بەشدارن، لەسەرەتای جەنگیشەوە ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەروپا پشتگیری خۆیان بۆ ئۆکرانیا بە چەک و پارە راگەیاند، جەنگەکە ئەگەری پەرەسەندی هەیە و دیارنییە لە ئایندەدا دەچێتە چی قۆناغێکەوە.

جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا،  لە ساڵی 2022ەوە دەستیپێکرد،  کە ڕووسیا دوای چەندین ماوە لە هەڕەشە و کۆکردنەوەی هێز لە سنوورەکانی ئۆکرانیا، لە ڕۆژی 2022/2/24 هێرشیکردە سەر وڵاتەکە و سەربەخۆیی کۆماری گەلی دۆنیتسک و کۆماری گەلی لۆگانسکی ڕاگەیاند.

جەنگەکە، دوای بڕیاردانی پوتن، سەرۆکی رووسیا بە دەستپێکردنی هێرشی سەربازی دەستیپێکرد، ڕووسیا هێرشێکی سەرتاسەریی سەربازی (وشکانی، ئاسمانی، دەریایی) بۆ کۆی خاکی ئۆکرانیا دەستپێکرد،ئەم ڕووداوە پەیوەندیەکی زۆری بەهەموو سیستمی جیهانییەوە هەیە و دەکرێت گۆڕانکاری بەسەر کۆی سیستمی جیهانیدا بهێنێت، لەبەر ئەوە، دەکرێت کاریگەی و لێکەوتەکانی ئەم جەنگە جیهانی بن نەک تەنیا ناوچەیی، بۆیە لێکۆڵینەوە لەو جەنگە و چاودێریکردن و هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پێویستە و گرنگییەکی گەورەی هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، لەسەرەتای جەنگەوە و بەهۆی هێرشەکانی رووسیاوە تا ڕۆژی 31ی ئابی2024، بەلایەنی کەمەوە لە ئۆکرانیا 11,743 کەس کوژراون و 24,614 کەسیش برینداربوون، ئەم ژمارەیەش لەگەڵ بەردەوامی جەنگ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

هۆکاری جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا

ناکۆکی نێوان هەردوو وڵات مێژوویەکی درێژی هەیە، لە ساڵی 2004 بەهۆی شۆڕشی گەلی ئۆکرانیا دەسەڵاتی سەرۆکی وڵات “یانوکۆڤیچ”ـیان ڕووخاند، چونکە هاوپەیمانی ڕووسیا بوو، لە جێگای ئەو “یۆشچێنکۆ” وەکو سەرۆک هەڵبژێردرا کە نزیک و هاوپەیمانی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو.

لەساڵی 2010  جارێکی دیکە  “یانوکۆڤیچ”، لە ڕێگای هەڵبژاردنەکانەوە دەسەڵاتی ئۆکرانیای گرتەدەست و بوو بە هاوپەیمانی رووسیا و پوتن، لەئەنجامدا لە ساڵی 2014 دووبارە شۆڕش دژی ئەنجامدرا و لە دەسەڵات دوورخرایەوە، ئەم ڕووداوە بووە سەرەتا و دەستپێکی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی رووسیا و ئۆکرانیا.

هەروەها، رووسیا دەیەوێت وڵاتی ئۆکرانیا هەموو ڕێککەوتن و هاریکارییەکی لە هاوپەیمانی ناتۆ هەڵوەشێنێتەوە، چونکە دەڵێت زیان بەر ئاسایشی رووسیا دەکەوێت و بە هیچ جۆرێک نابێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، رووسیا دەیەێت هەموو گۆڕانکاری و ئەو هەموارکردنەوانەی دەستوور کە ئۆکرانیا لەساڵی 2019دا لە دەستووری خۆی ئەنجامی دا هەڵبوەشێنرێتەوە و کۆتایی پێبهێنرت، چونکە لەڕێگای ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئۆکرانیا لە دەستووری وڵاتەکەی کردی دەتوانێت ببێتە ئەندام و هاوپەیمان لە یەکێتی ئەورووپا و هاوپەیمانی ناتۆ.

لێکەوتەکانی جەنگەکە

بەشێوەیەکی گشتی هەموو جەنگێک کاریگەری نەرێنی دەبێت، جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لێکەوتەکانی تەنها ناوچەیی نین، بەڵکو کاریگەری لەسەر هەموو جیهان هەیە و دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگی سیستمی جیهانی، هەروەها زیانێکی زۆری گیانی، ئابووری و بازرگانی و کشتوکاڵی هەیە.

پەرەسەندنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا

جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لە پەرەسەندایە و لەگەڵ هەوڵی بەشێک لە وڵاتاندا کۆتایی نەهاتووە، هەروەها ئاندری گۆریلۆف، بەرپرسی پێشووی سەربازی رووسیا ڕایگەیاند، لەئەگەری پەرەسەندنی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا، ئەگەری هەیە جەنگی جیهانی سێیەم هەڵبگیرسێت.

میدیاکانی ئەمریکا ڕۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2024، ئاشکرایانکرد، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، رەزامەندی داوە، کە ئۆکرانیا موشەکی ئەتاکماس ATACMS”” بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ناو ڕووسیا بەکاربهێنێت، موشەکەکە مەودا دوورترین موشەکە کە ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیای دابین کردبێت، لەوبارەیەوە مۆسکۆ باسیلەوەکرد، کە بەکارهێنانی ئەو موشەکە ئەمریکییە ئەگەری هەیە ببێتە هۆی پەرەسەندنی شەڕەکە، بەشێوەیەک واشنتن دەخاتە جەنگەوە لەگەڵ رووسیادا و دەبێتە هۆی ئەوەی رووسیا تۆڵە بکاتەوە.

تایبەتمەندییەکانی موشەکی ئەتاکماس

موشەکی ئەتاکماس، موشەکێکی بالیستی خێرایە، کە خێراییەکی لە خێرایی دەنگ زیاترە و مەوداکەی 300 کیلۆمەترە، هەڵگری سەرەکی 170 کیلۆگرام تەقەمەنییە، بە بەرزییەکی زۆر زیاتر لە زۆربەی مووشەکەکان دەفرێت، ئەم موشەکە لەلایەن کۆمپانیای لاکهید مارتنەوە، بەسیستمی موشەک هەڵدانی فرەییMLRS یان سیستمی موشەکی جوڵەی بەرزHIMARS دروستدەکرێت، کە دوو سیستمی دیکەن ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشکەشی ئۆکرانیایان کردووە.

موشەکی ئەتاکماس، بەراورد بە هەموو موشەکانی دیکەی ئۆکرانیا توانای لێدانی ئامانجەکانی روسیای کە دوورترین مەودا هەیە، هەروەها ئۆکرانیا خاوەنی موشەکی ستۆرم شادۆیە، کە لە فەرەنسا و بەریتانیا دروستکراوە، مەوداکەی نزیکەی 250 کیلۆمەترە و مەوداکەی کەمترە لە موشەکی ئەتاکماس.

لە بەرامبەردا، ڕۆژی19ی تشرینی دووەمی2024، سەرۆکی رووسیا مەرسوومێکی واژۆکرد، کە تێیدا وڵاتەکەی دەستکراوە کرد لە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لە حاڵەتی پێویستدا، پێگەی هەواڵی سپۆتینگ-ی رووسی بڵاویکردوە، لەو مەرسوومەی کە ڤلادێمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا واژۆی لەسەر کردووە هاتووە، “بەمەبەستی باشترکردنی سیاسەتی دەوڵەتی رووسیا لە بواری خۆپارێزیی ئەتۆمیدا، مەرسوومێک دەردەکەم بۆ پەسەندکردنی سیاسەتی دەوڵەتی رووسیا لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک کە دەکرێتە سەر خاکی رووسیا.”

سەرۆکی رووسیا ڕایگەیاند،” سیاسەتی دەوڵەت لە بواری خۆپارێزیی ئەتۆمیدا سروشتی بەرگرییە و ئامانجی هێشتنەوەی تواناکانی هێزە ئەتۆمییەکانە لە ئاستێکی بەرزدا بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و ئاسایش لەرێگەی چەکە ئەتۆمییەکانمانەوە، هەروەها دڵنیابوون لە پاراستنی سەروەری دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکی رووسیا لە هەڕەشەی هەر دوژمنێک کە بیەوێت هێرشبکاتە سەر فیدراسیۆنی رووسیا و هاوپەیمانەکانی”، بەپێی مەرسوومەکە، لە رۆژی دەرچوونی مەرسوومەکەوە کار بە بڕیارەکە دەکرێت.

هاوکات، ڕۆژی 20ی تشرینی دووەمی2024، نوسینگەی کاروباری کونسوڵخانەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “زانیاریی ووردمان پێگەیشتووە کە رووسیا بەنیازی ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوانی ئاسمانییە و کونسوڵخانەکەمان لە کیێڤ لەبەر ئەو هۆکارە دەرگاکانی داخستووە”، ئەوەش هاتووە، “بەهۆی ئەو هۆکارەوە کونسوڵخانەکە داخراوە و رێنمایی تەواو دراوە بە کارمەندانی کونسوڵخانەکە کە خۆیان بپارێزن.” هەروەها ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی ئەمریکیش دەکات، “لە ئەگەری لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە خۆیان بشارنەوە و پەناگەیەک بۆ خۆیان بدۆزنەوە.”

ئەم بڕیارەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت، کە کیێڤ ڕایگەیاند بە بەکارهێنانی مووشەکی “ئەتاکماس”ی ئەمریکی ژمارەیەک ئامانجی رووسیای پێکاوە، ئەمەش دوای گڵۆپی سەوز لەلایەن ئیدارەی بایدن بۆ بەکارهێنانی مووشەکە دوور مەوداکە.

ئەم جەنگە و دەرئەنجامەکانی، لەڕووی سیاسییەوە دەکرێت بە گرنگترین ڕووداوی سەدەی 21 دابنرێت، چونکە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر سیستمی سیاسیی جیهانی، لە ڕووی سیاسی و هەواڵگری و هاوکاریی سەربازی، زۆربەی دەوڵەتە بەهێزەکانی جیهان تیایدا بەشدارن و دیارنییە لە ئایندەدا بەرەو کوێ دەڕوات و دەگاتە چی قۆناغێک.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا