پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، دوو بابەتی گرنگن، کە کاریگەری لەسەر سروشت هەیە و لەئێستادا لەهەموو جیهاندا کەشوهەوا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەمەش وایکردووە لەجیهاندا ڕێوشوێن و بودجەی تایبەت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە بگیرێتەبەر و ساڵانە کۆنفرانسی تایبەت بەو بوارە بە ئامادەبوونی سەرۆکی وڵاتان ئەنجام دەدرێت.
ژینگە، بریتییە لەو ناوەندە سروشتییە هاوسەنگەی کە هەموو زیندوو و نازیندووەکان بە هاوسەنگی تێیدا دەژین، پێک دێت لە کۆمەڵێک هۆکار و گۆڕانکاری کیمیایی، فیزیایی و بایۆلۆجی لە چوارچێوەی جوگرافیای بوونەوەراندا کە تێیدا دەژین.
لە پۆلێنی گشتیدا ژینگە بۆ دوو بەش دابەش دەبێت، ژینگەی سروشتی، کە بریتییە لەو ناوەندەی مرۆڤ بەشێوەیەکی سادە تێیدا دەژی، سوود لە سەرجەم ئەو پیکهاتانە وەردەگرێت کە سروشت بۆی دابینکردووە و ژینگە بە سووڕی ئاسایی خۆیدا دەڕوات لە پاراستن و ئاڵوگۆڕی سروشتیدا، بە شیکردنەوەی پاشماوەکان بۆ توخم و ماددە سەرەتاییەکان بەمەش جارێکی دیکە، یەکەی بەرهەمهێنان بۆ دووبارە دروستکردنەوەی خۆراک سوودی لێوەردەگرێت، ژینگەی دەستکرد، پاش ئەوەی مرۆڤایەتی پێشکەوتی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک کە چەندەها شاری گەورە، کارگەی گەورە، لە ڕۆژێکدا سووتاندنی ملیۆنەها بەرمیل نەوت و دەرهێنانی هەزاران تەن کانزای ژێر زەوی و بڕینەوەی هەزاران هێکتار زەوی دارستان، لەئەنجامدا بووە هۆی دروستبوونی ژینگەی دەستکرد.
مرۆڤ و کاریگەرییەکانی لەسەر پیسبوونی ژینگە
ژینگە، ناوەندێکە کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی مرۆڤ و زیندەوەرانەوە هەیە و کاریگەرییان لەسەری هەیە، کە پێویستە بەشێوەیەکی هاوسەنگ بێت، ئەگەر بەهەر هۆکارێک بێت ئەو هاوسەنگییە تێکچوو، ئەوا دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، کەواتە پیسبوونی ژینگە، ھەموو گۆڕانکارییەکی فیزیایی، کیمیایی و بایۆلۆجییە کە سیفەت و پێکھاتەکانی ئاو و ھەوا و خاک بگۆڕێت و ببێتە ھۆی زیانگەیاندن بە مرۆڤ و بوونەوەرەکانی تر.
پێشكەوتنی مرۆڤایەتی مەترسی خستە سەر ژینگە، بەجۆرێک ژینگە نەیتوانی بەسەر ئەو گۆڕانكارییە گەورانەی كە مرۆڤ لە ماوەی ئەم چەن سەدەیەی دواییدا دروستیكرد زاڵ بێت، داهێنانەكانی مرۆڤ هۆکاربوون بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و پلەی گەرما، پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەكان و بڕینەوەی دارستانە گەورەكانی جیهان.
پیسبوونی ژینگە دوو جۆری هەیە
پیسبوونی سروشتی، بریتییە لەو گۆڕانکارییەی، کە لە ژینگەدا ڕوودەدات بەھۆی چەند ڕووداوێکی سروشتییەوە وەک (باران، سووتان، بورکان، لافاو، بومەلەرزە، تۆزو خۆڵ…).
پیسبوونی ناسروشتی، بریتییە لە ھەر گۆڕانکارییەک لە ژینگەدا کە لە ئەنجامی چالاکیەکانی مرۆڤەوە روودەدات بەھۆی کشتوکاڵ، دروستکردنی بینا، پیشەسازی، قڕکەرەکان لە کشتوکاڵدا، پێویستی وزە وەک لە گواستنەوە و بەرھەمھێناندا، پاککەرەوەکان وەک (توێنەرەوەکان، ترشەکان، لاستیک، پلاستیک، کانزا قورسەکان) کە ئەمانە شینابنەوە تەنھا مەگەر بە کرداری دووبارە گەڕانەوە نەبێت، پاشەڕۆ پیشەسازییەکان و پاشەڕۆی بیناسازی.
پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا
پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە و کاریگەرییان لەسەر یەکتری هەیە، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی ئێستایە کە بەردەوام گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی، چونکە کاریگەری لەسەر سیستەمی ژینگەیی، ئابووری و ژیانی مرۆڤ هەیە.
گۆڕانی کەشوهەوا کە ڕوودەدات، گۆڕانکاری لەسەر سیستەمی کەشوهەوای زەوی دەبێت و دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی شێوازێکی نوێی کەشوهەوا کە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت، و ئەم ماوەیە لەوانەیە چەند دەیە یان ملیۆنەها ساڵ بێت، زانایان چەندین ڕووداوی گۆڕانی کەشوهەوایان لە مێژووی جیۆلۆجی زەوی دەستنیشانکردووە، لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازییەوە و زیادبوونی چالاکییەکانی مرۆڤ زیاتر کاریگەری لەسەر کەشوهەوا هەبووە و بووەتە هۆی گەرمبوونی کەشوهەوا.
کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا
گۆڕانی کەشوهەوا، بەگشتی لە سەرانسەری جیهاندا کاریگەری جۆراوجۆری هەیە، یەکێک لە ترسناکترین دەرئەنجامەکان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانە، کە کەمێک بەرزبوونەوەی پلەی گەرما کاریگەری گەورەی لەسەر شێوازەکانی کەشوهەوا، سیستەمی ژینگەیی و تەندروستی مرۆڤ دەبێت، زیادبوونی دووبارەبوونەوە و چڕی ڕووداوەکانی کەشوهەوا وەک، گەردەلوول، لافاو و وشکەساڵی .
بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان، یەکێکی دیکەیە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، گەرمبوونی زەوی بووەتە هۆی توانەوەی کڵاوەکانی سەهۆڵی جەمسەری و سەهۆڵبەندان و ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان. لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی زەریاکان، ناوچە کەناراوییەکان لە سەرانسەری جیهاندا ڕووبەڕووی مەترسی لافاو و لەدەستدانی زەوی و چوونە ناو ئاوی سوێر دەبنەوە، هەروەها کاریگەریی تەندروستی هەیە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبێتە هۆی شەپۆلی گەرما کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی و مردن بەهۆی گەرماوە زیاد دەکات، هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان هەیە.
هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا
-هۆکاری سەرەکی گۆڕانی کەشوهەوا بەرزبوونەوەی گازەکانە، بەتایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2)، میسان (CH4) و ئۆکسیدی نایترۆس (N2O) کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی چالاکیەکانی مرۆڤەوە دەردەچن.
-لەناوبردنی دارستانەکان و کەمبوونەوەی درەختەکان هۆکارێکی دیکەیە.
-زیادبوونی کشتوکاڵ و شارنشینی هۆکارێکی دیکەیە بۆ دەردانی میسان بەتایبەتی لە ئاژەڵ و خۆڵ و خاشاک.
-چالاکییە پیشەسازییەکانیش بڕێکی بەرچاو گازەکان بڵاودەکەنەوە، کە هۆکارێکە بۆ پیسبوونی ژینگە.
بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، نەتەوەیەکگرتووەکان ساڵانە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا ناسراو بە cop ئەنجام دەدات، کە 12 ڕۆژ دەخایەنێت، ئامانجی سەرەکی کۆنفرانسەکە یەکخستنی هەموو هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و تەرخانکردنی بەشە بودجەیەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان لەسەر ژینگە.
لوتکەی cop، کۆنگرەیەکی ساڵانەیە کە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامی دەدات، لەوکاتەوەیەی هەستیان بە گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا کردووە، سەرەتا لەساڵی 1995 لە بەرلین ئەنجام درا و تا ئەمساڵ کە 29 ساڵ دەکات لە باکۆ ئەنجام درا، ئەو کۆنگرەیە، هەموو ساڵێک بە بیروبۆچوون و تەکنەلۆژیای جیاواز ئەنجام دەدرێت، بەمەبەستی پاراستنی زەوی لەو گۆڕانکارییانەی لە کەشوهەوادا ڕوودەدەن، سەرۆکەکانی جیهان بەشداری تێدادەکەن و گفتوگۆ لەسەر ئەو کێشانە دەکەن کە ڕووبەڕووی جیهان بوونەتەوە، هەر وڵاتێک باشترین پەیام بگەینێت باشترین بەشە بودجە وەردەگرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بابەتە.