پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سبەی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەدەچێت، کەرکووکییەکان بۆ پاراستنی شووناس و ناسنامەیی کوردستانی بوونی کەرکووک، پۆل پۆل و بە لێشاو دەگەڕێنەوە بۆ شارەکە بۆ ئەوەی سبەی ناوی خۆیان تۆماربکەن.
لە بازگەکانی چیمەن و بانی مەقان بەهۆی گەڕانەوەی ئەو کەرکووکیانەی لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێم نیشتەجێن بۆ شارەکە قەرەباڵغییەکی زۆر درووست بووە و ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ شۆفێران درووست بووە.
بەشێک لەو هاونیشتیمانییانەی کە قسەیان بۆ پۆڵەتیک پرێس کرد، جۆش و خرۆشیی کەرکووکییەکانیان سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێریی دووپاتکردەوە و رایانگەیاند، وەک چۆن لە سەرژمێریی ساڵی 1957 کورد وەک نەتەوەی زۆرینە لە شارەکە دەستنیشانکرا، ئاواش لە سەرژمێریی 2024 دەبێتەوە بە زۆرینە.
بەو پێیەی شاری کەرکووک شارێکی فرەنەتەوەیە و هەریەکە لە نەتەوەکانی کورد، عەرەب و تورکمان و پێکهاتەکانی دیکەی تێدا دەژی، ئامادەبوونی کەرکووکییەکان لە رۆژی پرۆسەی هەڵبژاردن گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە.
جگە لەوەی ئامادەبوونی کەرکووکییەکان لە رۆژی تۆمارکردنی سەرژمێریی کە بڕیارە سبەی چوارشەممە بەڕێوەبچێت ماف و شایستەکانیان لە شارەکە زامن دەکات، هاوکات کوردستانی بوونی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دووپات دەکاتەوە.
بڕیارە سبەی و دوو سبەی 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەبچێت و لەمشەو کاتژمێر 12 قەدەغەی هاتووچۆ لە تەواوی عێراق رادەگەیندرێت و داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هاوکاری تیمەکانی سەرژمێریی بکەن و وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان بدەنەوە.