حیزبەكان بەڵێنەكانی هەڵبژاردنییان نەبردووەتە سەر

پۆڵەتیك پرێس:
رێكخراوی توێژینەوە و گەشەپێدان (RDO) راپۆرتی ساڵانەی تایبەت بە چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی پەرلەمانی كوردستانی بڵاوكردەوە، كە راپۆرتەكە بەڵێنی شەش فراكسیۆنی پەرلەمانی بە نموونە وەرگرتووە، زۆرینەی حیزبەكانیش بەڵێنەكانی كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنییان جێبەجێنەكردووە.

راپۆرتەكە هەڵسەنگاندنی بۆ بەڵێنەكانی شەش لیستی پەرلەمانی كوردستانكردووە، كە بریتین لە لیستی (183 ی پارتی و 105ی یەكێتی و 148ی گۆڕان و 134 ی نەوەی نوێ و 194ی كۆمەڵ و 119ی یەكگرتوو).

لەراپۆرتەكە هاتووە، پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا 48 دانیشتنی ئەنجامداوە، نۆ یاسا پەسەندكراوە، لەكۆی ئەو نۆ یاسایە سەرۆكی هەرێم دوو یاسای گەڕاندووەتەوە بۆ پەرلەمان بۆ ئەوەی هەمواربكرێنەوە، 22 بڕیاری دەركردووە.

پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا 48 دانیشتنی ئەنجامداوە

لەراپۆرتەكەی رێكخراوی توێژینەوەو گەشەپێدان (RDO) ئەوەش خراوەتە روو لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا هەریەك لە پارتی و گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی یەكی تەنیا دوو بەڵێنیان جێبەجێكردووە و یەكێتی پێنج بەڵێن، یەكگرتوو یەك بەڵێن‌و نەوەی نوێ هیچ بەڵێنێكی جێبەجێنەكردووە.

جێبەجێنەكردنی بەڵێنەكانی حیزبەكانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لەكاتێكدایە عێراق لە وادەی هەڵبژاردنی پێش وەختەی پەرلەمان نزیك دەبێتەوە، كە بڕیارە لە 6ی حوزەیرانی 2021 ئەنجامبدرێت، ئەم هێزو لایەنە سیاسییانەش كۆمەڵێك بەڵێنی دیكە دەخەنە سەر خەرمانی بەڵێنە جێبەجێنەكراوەكانی پێشوویان.

ئەم هێزو لایەنە سیاسییانەش كۆمەڵێك بەڵێنی دیكە دەخەنە سەر خەرمانی بەڵێنە جێبەجێنەكراوەكانی پێشوویان

لەو بارەوە رێبین رەسوڵ سەرۆكی رێكخراوی توێژینەوەو گەشەپێدان (RDO) بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: بۆمان دەركەوتووە بەشێك لە بەرنامەی هەڵبژاردنی لیستەكان ئەوەندە دروشم و قسەی گەورە دەكرێت ئەوەندە تەماشای رۆڵی پەرلەمان ناكرێت لەدروستكردنی یاسا و بڕیار لە كوردستان بۆیە ئەو حزبانەی زۆر بچووكیشن و هەر لەسەرەتاوە بەڵێن دەدەن ئۆپۆزیسیۆن بن بەڵێنی وا دەدەن، كە بە حكومەت نەك تەنیا لە ماوەی چوار ساڵ لەماوەی 10 ساڵ و 20 ساڵیش جێبەجێناكرێت.

رێبین رەسوڵ وتیشی: حیزبەكان یان ئەو خەڵكانەی بەرنامەی هەڵبژاردنی حیزبەكان دادەنێن واقعی نین زۆرتر دەیانەوێت قسە ریز بكەن، ئەو بەڵێنانەی دەیدەن یاسا لە خۆناگرێت، كێشەیەكی زۆر هەیە لە بەرنامەی هەڵبژاردنی حزبەكان دوای هەڵبژاردنیش هیچ یەكێك لە حزبەكان كار بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانە ناكەن.

 

هەریەك لە پارتی و گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی یەكی تەنیا دوو بەڵێنیان جێبەجێكردووە

 

لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەی (RDO) دا بەرنامەی لیستەكان خراوەتە روو بەم شێوەیە:
بەرنامەی لیستی پارتی لە 10 بەش پێكهاتووە و بریتیە لە 60 بەڵێن، بەشێكی بەڵێنەكان، كاری حكومەتن و پەیوەندییان بە كاری پەرلەمانییەوە نییە.

بەڵێنەكانی یەكێتی لەپێشەكییەكی نۆ خاڵی پێكدێت بەشێك لە بەڵێنەكانی یەكێتی جگە لەوەی بەڵێتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین بەرنامە و كاری رۆژانەی ئاسایی حكومەتن.

بەڵێنەكانی گۆڕان لە چوار تەوەر پێكهاتووەو و لە كۆی گشتیدا 228 بەڵێن لەخۆ دەگرێت، بەرنامەكە ئەوەندە بەڵێنی هەڵبژاردنی تێدایە هەندێكیان جێبەجێكردنییان ئەستەمە و هەندێكیشیان هیچ پەیوەندی بە كاری پەرلەمانییەوە نییە.

 

بەڵێنەكانی گۆڕان لە چوار تەوەر پێكهاتووەو و لە كۆی گشتیدا 228 بەڵێن لەخۆ دەگرێت

 

نەوەی نوێ 50 بەڵێنی بەدەنگدەرانی داوە وەك لیستەكانی ترئەمیش بەڵێنەكانی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین بەرنامە و كاری ئاسایی رۆژانەی حكومەتن هەندێك لەم بەڵێنانە بە حكومەتیش جێبەجێناكرێت لەكاتێكدا نەوەی نوێ خۆی بە ئۆپۆزیسیۆن دەزانێت و بەشداریش نیە لە حكومەت تا جێبەجێیان بكات، نەوەی نوێ هیچ یەكێك لەم بەڵێنانەی جێبەجێنەكردووە كە بەدەنگدەرانی خۆی داوە.

كۆمەڵی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردووەتە سەر حەوت تەوەر هەر تەوەرێك كۆمەڵێك بەڵێنی هەڵبژاردن لە خۆدەگرێت، ئەمیش وەكو لیستەكانی دیكە بەڵێنەكانی جگە لەوەی بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین بەرنامە و كاری رۆژانەی ئاسایی حكومەتن هەندێكیشیان بە حكومەت جێبەجێناكرێت لەكاتێكدا كۆمەڵی ئیسلامی ئۆپۆزیسیۆنە و بەشدارنیە لە حكومەت.

یەكگرتووی ئیسلامی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی دابەشكردووەتە سەر 11 تەوەر و 127 بەڵێنی بە دەنگدەرانی داوە بەهەمان شێوەی حزبەكانی دیكە بەڵێنەكانی یەكگرتووش بەڵێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی نین و ئیش و كاری ئاسایی رۆژانەی حكومەتن بەشێكیشیان بە حكومەتیش جێبەجێناكرێت، لەكاتێكدا یەكگرتوو ئۆپۆزیسۆنە و لە حكومەتدا نیە.

بەشی هەرە زۆری ئەو بەڵێنانەی حزبەكان لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن داویانە بە هاوڵاتیان لە چوارچێوەی خزمەتی خەڵكی كوردستان و باشكردنی ژیان و گوزەران و پرۆژە خزمەتگوزارییەكاندا خۆیان دەبیننەوە، بەڵام نەك بەڵنەكانیان جێبەجێنەكردووە ئەوەی ئێستا هەیە رۆژ بەرۆژ ژیانی خەڵك خراپتردەبێت و لە تازەترین كاریشیدا حكومەتی هەرێم پێنج موچەی فەرمانبەرانی پاشەكەوتكرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا