شۆڕش ئیسماعیل: بەشێکی زۆری پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پیشمەرگە جێبەجێ کراوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزیری پێشمەرگە دەڵێت، بەشێکی زۆری پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پیشمەرگە جێبەجێ کراوە، ئاماژە بەوەش دەکات، “پێویستە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆسەکە تەواو بکرێت و سەرجەم هێزەکان یەکبخرێنەوە.”

ئەمڕۆ شەممە 16-11-2024، وەزیری پێشمەرگە لە رێوڕەسمی دەرچوونی خوێندکارانی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی قەڵاچوالان لە پارێزگای سلێمانی، وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، “پێویستە خولی پێگەیاندنی ئەفسەران لە هەردوو کۆلێژی سەربازیی زاخۆ و قەڵاچوالان بە میکانیزمی نوێ و پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە خوێندکاران بەردەوام بێت.”

شۆڕش ئیسماعیل وتیشی، “چارەنووس و داهاتووی هەرێمی کوردستان بەندە بە بوونی سوپایەکی بەهێز و خاوەن توانای سەربازیی پێشکەوتوو.”

وەزیری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا لە وەزارەتەکە “ئامانجمان سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی، نەهێشتنی گەندەڵی و رۆتینات و بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانی بووە کە پارێزگاری لە خاکی کوردستان بکات.”

بە وتەی شۆڕش ئیسماعیل، وێڕای گرفت و بەربەستی زۆر، بەشێکی زۆری پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پیشمەرگە جێبەجی کراوە، “پێویستە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە تەواو بکرێت و سەرجەم هێزەکان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە و فیرقەکاندا جێگیر بکرێن، ئەمەش دەستکەوتێکی مێژوویی و گەورەیە بۆ کوردستان کە هێزی پێشمەرگە ببێتە هێزێکی یەکگرتووی کوردستانی لە ئاستی هێزە سەربازییەکانی ناوچەکە.”

لە رێوڕەسمەکەدا 769 ئەفسەر بڕوانامەی دەرچوونیان وەرگرت کە 48ـیان ئافرەت بوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا