پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئاسایشی سلێمانی تۆمەتبارێکی لەناو شارەکەدا دەستگیرکرد کە پار لە بەغدا، بە دەمانچە هاوسەر و دوو منداڵی هاوسەرەکەی کوشتوون و هەڵاتووە.
ئاسایش دەڵێت، تۆمەتبارەکە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی ناو شاری سلێمانی دا ماوەتەوە.
بەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە ئاسایشی سلێمانی لەوبارەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە وێنەیەکی بۆ پۆڵەتیک پرێس نێردراوە و تێێدا هاتووە، رۆژی 31-12-2023، لە ناوچەی دۆرەی شاری بەغدا، کەسێک بەناوی (م. ت. ح) بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، هاوسەرەکەی بە ناوی (ب. ع. ح) و دوو منداڵی هاوسەرەکەی بە دەمانچە کوشتن.
ئەوەش هاتووە، دواتر تۆمەتبارەکە چەند ناسنامەیەکی ساختە درووستدەکات و خۆی لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەشارێتەوە بەرەو هەرێمی کوردستان هەڵدێت.
ئاسایش دوای لێکۆڵینەوە، توانیویەتی شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبارەکە بدۆزێتەوە کە “هۆتێلێک بووە لەناو شاری سلێمانی دا”.
تۆمەتبارەکە بەوتەی ئاسایش چەند “ناسنامەیەکی ساختە”ی پێبووە و لە رۆژی 10-11-2024 دەستگیرکراوە، بەڵام ئاسایش ئەمڕۆ هەواڵەکەی راگەیاندووە.
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.