پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هەردوو بانکى ناوەندیى عێراق و تورکیا گفتوگۆ لە بارەى گرتنەبەرى میکانیزمى نوێ دەکەن بۆ حەواڵەى بازرگانى نێوانیان؛ عەلى عەلاق هانى تورکیایدا هەژمارى بانکەکانى عێراق لەو وڵاتە بکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 14ى تشرینى دووەم، عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق لە شارى ئیستەنبوڵ لەگەڵ فاتیح کەرەهان، سەرۆکى بانکى ناوەندیى تورکیا کۆبووەوە.
بە گوێرەى نووسینگەى رۆژنامەوانى بانکى ناوەندیى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێى گرتنەبەرى میکانیزمى نوێیان کردووە بۆ حەواڵەى بازرگانى نێوان عێراق و تورکیا، وەک دەستپێکى قۆناغێکى نوێ لە بەهێزکردنى پەیوەندى بانکیى نێوانیان.
عەلى عەلاق، هانى بانکە تورکییەکانى داوە بۆ ئەوەى هەژمارى بانکە عێراقییەکان بکەنەوە بۆ فراوانکردنى دەرچەکانى پارەدان بۆ هاوردەکردنى کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە رێگەى تورکیاوە.
3ى تشرینى یەکەم ئاڵوگۆڕى بازرگانى لە نێوان عێراق و تورکیا بە دراوى یۆرۆ دەستىپێکرد، بە گوێرەى ئەو هەنگاوە بازرگانانى عێراق دەتوانن بە یۆرۆ مامەڵەى بازرگانی لەگەڵ تورکیا بکەن لەبرى دۆلار، بەڵام ئەو مامەڵانەیان دەبێت لە رێگەى لقى بانکە تورکییەکانەوە بێت لە عێراق.
پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق رایگەیاند: بانکى ناوەندیی تورکیا پاڵپشتیکارى هەنگاوەکانى بانکەکەیەتى بۆ رێکخستنى مامەڵە داراییەکانى نێوان هەردوو وڵات، بۆ ئەوەى مامەڵە بازرگانییەکان ئاسان بکرێت.