پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
نرخی نەوت لە مامەڵەکانی سەرەتای رۆژی پێنجشەممە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و نیگەرانییەکانی زیادبوونی بەرهەمهێنان لەسەروبەندی کەمبوونەوەی خواستی جیهانی، دابەزی.
رۆژی پێنجشەممە 14-11-2024، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی دەریای باکوور 35 سەنت دابەزی و نە 71 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات، نرخی بەرمیلێک نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 42 سەنت دابەزی و بە 68 دۆلار و 1 سەنت کڕین و فرۆشتنی پێوەکرا.
بەهۆی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، نرخی دۆلار گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، ئەمەش وایکرد کە نرخی ئەو کاڵایانە بەرزببێتەوە کە بە دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت؛ یەکێک لەوانە نەوتە.
جگە لەوەش، خاوبوونەوەی بەکارهێنانی نەوت لەلایەن چین بەهۆی سستبوونی ئابووری و زیادبوونی بڵاوبوونەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەو وڵاتە، بووەتە هۆی دابەزینی خواستی دووەم گەورەترین ئابووریی جیهان لەسەر ئەو کاڵایە.