پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، دوو هەزار و 200 تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەوە دەستگیرکراون.
نەقیب ئەرکان بیبانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو 1ی تشرینی دووەم، هەزار و 311 تۆمەتباری مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر و دهۆک دەستگیرکراون، لەو ژمارەیە 613 کەسیان بەکارهێنەر و 698یشیان بازرگان بوون، کە بەشێکیان گەورە بازرگانیی نێودەوڵەتی بوون.
وتیشی: هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 444 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر و نزیکەی 75 کیلۆگرام حەبی هۆشبەر دەستیان بەسەردا گیراوە.
بە وتەی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، زۆرترین ئەو مادە هۆشبەرانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە بریتیین لە کریستاڵ، حەشیش، تریاک، ماریجوانا و هێرۆیین، لە حەبەکانیشدا کەپتاگۆن، لێگزز و ترامادۆڵ زۆرترین بوون.
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی رابردوو، 457 بازرگان و 432 بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان لە سنووری سلێمانی دەستگیرکراون.