کرۆکی پرۆسەی سیاسیی چیەتی حوکمڕانی کوردستانە

بابەتەكە مەتەڵ نییە، هەر وا كوردە نامووسە و خۆ سەغڵەتكردنی پێش و دوای هەڵبژاردن نییە. بابەتەكە ئایندەی پرۆسەی سیاسیی كوردستان و لە ناویشیاندا، جەرگ و هەناوی ئەم پرۆسەیە، حكومڕانی كوردستان (بە پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكانی تایبەت بە دەسەڵاتی قەزائیشەوە) جێیەكی سەرەكی دەگرن.
لەهەموو وڵاتەکانی دونیا کە تەنگژە دەبێت دەستەبژێرەکەی مێشک دەگوشێ و بیر لە رێگە چارە و دەرفەتەکانی دەربازبوون دەکاتەوە.
پرۆسەی سیاسیی لە کوردستان قەت لەم پرسە بەدەر نییە و شازی ناو قاعیدە نییە.

لەم رۆژانە سەر وتارێکی بەرپرسانەم لە رۆژنامەی نیۆۆرک تایمز خوێندمەوە کە دارێژەرەکەی لەسەر دونیای سەرۆکایەتی ترامپ قسە دەکا و بەرپرسیارێتی هەر دامەزراوە و نێوەندێکی حەریفی ئەمەریکا لەم خولی سەرۆکایەتی دووەمی ترامپ هەڵدەسەنگێنێ. کاری ئەم وتارە ئانە پانەی سیاسیی نییە لە نێوان دوو رکابەری دیموکراسیی هەڵبژاردنی ئەمەریکا کە داخۆ کامیان خاس و کامیان نە خاسە . ئەوە ئیشی شرۆڤەکارانی معلانە کە ماشەڵلا لە وڵێ‌تی ئێمەش کەم نین ، ئیشی براگماتی سیاسیی ئەوەیە لەگەڵ سەرۆک ترامپ هەڵبکرێت. بەڵام کاری ئەم وتارە ئاماژە دانە بە قوڵی بیرکردنەوەی نووسەری سەروتاری جێی باس کە نیوۆرک تایمز روونە لە کام سەنگەری دژەوە هەڵسەنگاندن دەکات.

نووسەر ئەرک دەخاتە سەر کۆنگرێس و سەناتی داهاتوو، ئەرک دەخاتە سەر چەپکە یاسا تۆکمەو پتەوەکەی دەستووری ئەمەریکا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و زنجیرەیەک رێوشوێن کە رێگە لە تاکڕەوی سەرۆکایەتی دەگرێت لە وڵاتێکدا کەس تانەی وای نییە لەسەر تەزویر و گز و فیزی دەنگدان .بەڵام سەروتار ئەرکی تری جێی سەرنجیش دەخاتە سەرباری ئەرکەکان دەلێ ئەی وەزیر و گەورە فەرمانبەرانی تیمی کۆمارییەکان کە چاوەرێ دەکرێت پۆست و پایەتان پێ بسپێردرێ ئێوەش بێ ئەرک نین و شانی خۆتان لە بەرپسیارێتی مۆڕالی خاڵی مەکەنەوە. ڕاستە ئێوە تیمی دڵخوازی ترامپن بەڵام مەعلوم تیمی گەورەیی ئەمەریکاشن. تیای بن ، بەڵام لە بێ قانونی و پێشێلی پێوەرەکانی بەها سەرەکییەکانی ئەمەریکا پێکدێنن بەقسەی مەکەن و رێی لێ بگرن، رێی راستی پێ نیشان بدەن.

ئێمە نازانین لە کوێ گرێی سیاسەتی ئەمەریکا لەدەستەوە کەوتۆتە دەم و چۆنی ڕایی دەکەن، بەڵام هەقمانە بپرسین لە کوردستان کە پێشێلی یاسا و تاکڕەوی حوکمڕانی وا زەق و بەرچاوە کە تەنانەت بووە بابەتی هەڵبژاردن و خیتابی حزبێکی گەورەی وەکو یەکێتیی ، دەی داخۆ دەبێ ئەولەویەت چی بێت ؟بە پەلە پێکهاتنی حکومەت و کاستی وەزارەت و نووسینگەکانی وەک بڵێی هیچ نەقەوماوە یان گفتوگۆی شێنەیی و بە جەوهەری کۆی پرۆسەی سیاسی وڵات؟ بەلای یەکێتییەوە رێچکەی ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و کامڵکردنی هیلالی هاوسەنگی هێز بابەتێکی زۆر زۆر جددین، جدیتر لە قات و بۆینباغ کڕین بۆ کابینە.

ناشێ بە بیانووی جیاجیاوە کابینەی نوێ سواقی کاتی بدرێ و هیچ لەسەر بەرنامەیەکی دەربەستی نیشتمانیی و شەراکەتێکی دیموکراتی و قانونمەند نەگوترێ . هیچ ویستێکی جەنتلمانی لەسەر ئەولەویەتی پەرلەمانێکی تۆکمە و سەنگەربەندی فراکسێۆنەکانی لە ئارادە نەبێت.
ئەوە هەڵبژاردن تەواو و خەریتەی سیاسیش بەهەموو تێبینییە رەواکانی لەسەری هەیە، ئیتر وا هەیە، بەڵام ئایا پرۆسەکە لەم بێ مووچەیی و بێ چارەسەرییەدا هەروا بە پاداشتکردنی کەموکوڕییەکانەوە دەڕوا و ئیتر بەردێکی دەخرێتە سەری؟! یان سیاسەتی نیشتمانیی و دەربەستی حەریفانە لە هەموو هێزە دەربەستەکانی وڵات دەخوازێت یاداشتی گرێبەندی میللیی هەبێت کە ببێتە رێنوێنی سیاسەتی داهاتووی کوردستان و هەمووان لەسەر ئەو ئەرکە دیموکراتی و کوردایەتییە کۆکبن؟
ئەم دۆخە گفتوگۆی شایان و سەنگەربەندی دیموکراتی دەوێت کە خاوەندارێتی لە پرسە کوردستانییەکان بکات پێش ئەوەی کورسی و کێکی سەرمێز ببنە ئەولەویەت.
ئەمە جەوهەری دۆخی وڵاتەکەمانە پێش ئەوەی بەناوی ژمارەی کابینەکانەوە پەلە پەل بکرێت.

تێگەیشتن لە پێداویستی حوکمڕانییەکی دروست و دڵنیاکەرەوە کە میکانیزمی چارەسەری دابین کردبێت. دەبێ رێنوێن بێت ئینجا ئیستحقاق و کورسی و پۆست دەبنە وەرگێری دروستی پرۆسەی سیاسیی و جێبەجێکەری گرێبەستە میللییەکان.
فلتەرەکانی تاکڕوی لە کوێن و بەربەستەکانی بەردەم چارەی چەوتیی لە حوکمڕانی چۆن لادەبرێن؟ چۆن تیمەکان هەر ناوێکیان هەبێت بە یاسا و تەشریعاتی قووڵ رێگە لە پێشێلی مافەکان، داخستنی دوکانەکان لەسەر رەنگی سیاسی و بە بارمتەگرتنی هاوڵاتیان لە پایتەخت و گرتنیان بە پسولەی کاتی دەگرن؟
لایحەی سیاسەتی دروست لایحەیەکی دوور و درێژە و گەرەکە ئیمزای دڵنیایی لەسەر بکرێت و مەسەلەکە سوعبەت و شتی وا هەڵناگرێت.

ستران عەبدوڵڵا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا