هەڵبژاردنی پێشوەختە بەهۆكاری گرژییەكانی عێراق دەزانرێت

پۆڵەتیك پرێس:
هەڵبژاردنی پێشوەختە بەهۆكاری گرژییەكانی عێراق دەزانرێت، كە بڕیارە لەهاوینی ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت‌و پەرلەمانتارانی كوردیش لەبەغدا لەو بارەوە هۆشداری دەدەن.

بەقسەی بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی كوردی پەرلەمانی عێراق، هەندێك لایەنی سیاسی عێراق نایەنەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامبدرێت، بۆیە كاری ئاژاوەگێڕی دەكەن.

بڵێسە جەبار فەرمان لەمیانی لێدوانێكی پۆڵەتیك پرێس وتی: هەموو گەلی عێراق دەزانن كوردستان هەرێمێكی دەستوورییەو ئاڵاكەشی دەستورییە و كەسیش مافی ئەوەی نییە مافە دەستورییەكان پێشێل بكات، بەڵام كاتێك لایەنێك نابەرپرسیارانە لەپیرۆزی و گرنگی لایەنێك دەدات دەبێت چاوەروانی كاردانەوەش بكرێت.

ئەو قسانە لەكاتێكدایە، رۆژی 17ی ئەم مانگە چەند لایەنگرێكی حەشدی شەعبی چوونە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی لەبەغداو ئاڵای كوردستان‌و بارەگاكەیان سوتاند، كە ئەوە كاردانەوەی لێكەوتەوە.

لایەنگرانی حەشدی شەعبی دژی لێدوانێكی هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، ئەو كاردانەوەیان نواندو هۆشداریش دەدرێت لەوەی ئەو كردەوانە سەر بۆ كاری توندوتیژی تر سەر بكێشێت.

لەو بارەشەوە رێبوار كەریم مەحمود پەرلەمانتاری كورد بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: سوتاندنی ئاڵای هەرێمی كوردستان كارێكی زۆر هەڵەبوو ئەنجام درا و ئەركی حكومەتی عێراق و هەرێمیشە پارێزگاری لە ئاسایشی گشتی بكەن و رێگەنەدەن لێدوانی نا بەرپرسانەی حیزبە سیاسییەكان ببێتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی و پێویستە سەركردە سیاسییەكان بە وردییەوە لەسەر بابەتەكان بدوێن.

رێبوار كەریم ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، لە عێراقدا پێویستە گوتاری ئاشتەوایی جێگەی گوتاری تائیفی بگرێتەوە، بەڵام هێزێكی سیاسی دیاریكراو لە هەرێمی كوردستان و چەند هێزێكی عێراقی و سیاسەتەكانیان هۆكارن بۆ پەرەپێدانی نەعرەتەی دروستكردنی شەڕی تائیفی و دروستكردنی رق و كینە لە نێوان لایەنەكان.

پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق رۆژی شەشی حوزەیرانی رابردووی دیاریكردبوو، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كە بەشێك لەلایەنەكان چەندین جار جەختیان كردووەتەوە، نابێت لەو وادەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا