پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دکتۆر فەرهاد پیرباڵ، نوسەر و لێکۆڵەری ئەدەبی دەڵێت، دزی لە کتێبخانەکەی کراوە و مۆڵەتی کردنەوەی نادەنێت، مۆڵەتی هەفتەیەکیش دەدات بە بەرپرسانی شاری هەولێر و هەڕەشەی سوتاندنی کتێبخانەکەی دەکات.
فەرهاد پیرباڵ لە لایڤێکی پۆڵەتیک پرێسدا رایگەیاند، “دزی لە کتێبخانەکەم کراوە، دوو کۆمپیوتەر، داتاشۆ، سەلاجە و تەلەفزیۆنەکەمیان دزیووە و ئەو موەلیدەیەش کە بە پارەی خۆم کڕیوومە دزراوە.
بە وتەی د. فەرهاد پیرباڵ، چەندین فایل و نوسراو لەناو دوو کۆمپیوتەرەکەیدا هەن کە باس لە مێژووی کورد دەکەن و ”گرنگن”، دەشڵێت بەڵێنی بە سەرۆکی پارتی داوە کتێبخانەکەی بکات بە سەنتەرێکی کوردۆلۆجی بۆ لێکۆڵینەوە لە فەرهەنگ و مێژووی کورد بەڵام مۆڵەتی کردنەوەی نادەنێ.
باسی لەوەشکرد، “قفڵیان لە کتێبخانەکەم داوە و رێگەی نادەن بچێتە ناوی و ئێرەیان کردووەتە شوێنی خواردنەوە”. فەرهاد پیرباڵ هەڕەشەی سوتاندنی کتێبخانەکەی کرد و مۆڵەتی یەک هەفتەی دا بە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شاری هەولێر بۆ ئەوەی کتێبخانەکەی رادەست بکەنەوە.
د. فەرهاد پیرباڵ، نوسەرێکی گەورە و لێکۆڵەرێکی مەزنی گەلی کوردە و ساڵی 1961 لە شاری هەولێر لەدایک بووە. لەمێژووی ئەدەبی خۆیدا خاوەنی زیاتر لە 80 کتێبە. بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی سۆربۆن، فەرەنسا بەدەستهێناوە لە بواری مێژوو چیرۆکی کوردی.