عێراق بەرەو جەنگی ناوخۆ هەنگاو دەنێت

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران لەعێراق لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا دوو كاری تاوانكارانەیان بەرامبەر كورد و سوننەكانی عێراق ئەنجامدا، كاتێك هەستان بەسوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا و رفاندن و كوشتنی چەند گەنجێكی سوننە مەزهەب، كە بەم نزیكانە گەڕابوونەوە بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆیان لە پارێزگای سەڵاحەدین لە باكوری رۆژئاوای عێراق.

لەكاتێكدا چاوەكان بە رۆژی رووناك رووەو دیمەنە توندوتیژی ئامێزەكان دەیانڕوانی، لایەنەكانی میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران هەستان بە كاری تاوانكارانە و سوتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لەلایەن مەسعود بارزیانییەوە سەركردایەتی دەكرێت.

سوتاندنی بارەگای پارتی لەرۆژی شەممەی رابردوو 17ی تشرینی دووەم لە بەغدا لەدوای ئەوە هات، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی سەر بەو پارتە كوردییە داوای رێكخستنەوەی رەفتارەكانی هێزەكانی حەشدی شەعبی كرد لەبەغداو بەگروپی “لادەر لەیاسا” وەسفی كردن.

لەلایەكی دیكەوە، رای گشتی عێراق تووشی سەرسوڕمان بوو، كاتێك كە چەكدارانی ئەهلی حەق هەستان بە رفاندنی ١٢ گەنجی سوننە مەزهەبی گوندی فەرحاتیەی سەر بەپارێزگای سەڵاحەدین و هەشت لە رفێنراوانەیان كوشت ئەوەش بەمەبەستی ترساندنی خەڵكی ئەو ناوچەیە و رێگریكردن لە گەڕانەوەیان سەرباری ئەوەی لە رووی یاساییەوە دانیشتوانی ئەو ناوچانە دەتوانن بەشێوەیەكی فەرمی بگەڕێنەوە ماڵ و زەوییەكانیان كە لە ساڵی ٢٠١٤دا و لەدوای داگیركردنیان لەسەر دەستی داعش ئاوارە بوون.

لەوبارەیەوە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دڵەڕاوكێ و ترسی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەوەی ئەم جۆرە كارانە عێراق ببەنەوە ناو جەنگێكی ناوخۆیی دیكە و دابەشبوونی وڵاتەكە.

كازمی دڵەڕاوكێ و ترسی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەوەی ئەم جۆرە كارانە عێراق ببەنەوە ناو جەنگێكی ناوخۆیی

رۆژی یەكشەممە ١٨ی تشرینی یەكەم كازمی رایگەیاند، هیچ گەڕانەوەیەك بۆ جەنگی ناوخۆ و شەڕی عێراقییەكان بەرانبەر یەكتری لەبەر مەرامێكی سیاسی بوونی نییە، باسی لەوەشكرد، عێراق ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆی.

ئەوەشی خستەڕوو، كاری تاوانكاری رەتدەكەینەوە و هێرش كردنە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان بە كارێكی نەشیاو دەزانین، بە ناوی دەوڵەت و گەلەوە رووبەڕووی هەموو هێرشێك دەبینەوە كە بكرێتە سەر عێراقییەكان.

ئەوەشی ئاشكراكرد، هێرە عێراقییەكان هەندێك لەو كەسانەیان دەستگیركردووە كە لەو دوو تاوانەدا تێوەگلاون، جەختی لەوەش كردەوە، لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری، دەستگیركردنی تاوانباران بەردەوام دەبێت.

هێرە عێراقییەكان هەندێك لەو كەسانەیان دەستگیركردووە كە لەو دوو تاوانەدا تێوەگلاون

هاوكات، چەند سەرچاوەیەك لە بەغدا ئەوەیان ئاشكرا كرد، شەش كەس لە میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران لە ناحیەی بەلەد دەستگیركراون، باسیان لەوەش كرد، سوپای عێراق لەگەڵ هێزێكی سەر بە لیوای ٤٣ی حەشدی شەعبی لە نزیك شوێنی رفاندنی ١٢ گەنجەكە رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە.

ئەو سەرچاوانە دەشڵێن: لیوای ٤٣ ناوی فەرمی میلیشیای چەكدارانی ئەهلی حەقە لەدوای تێكەڵبوونیان لەگەڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی كە وابڕیارە لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكاندا بجوڵێنەوە و كارەكانیان جێبەجێ بكەن.

میلیشیای چەكدارانی ئەهلی حەق، كە لەلایەن قەیس خەزعەلی سەركردایەتی دەكرێت و لەلایەن ئەمریكاوە داواكراوە، بە تۆمەتی كاری “تیرۆرستی” و پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەی بەلەد بە بیانوی پاراستنی دانیشتووانە شیعەكەی و رێگەی كردن لە گەڕانەوەی سوننەكان بۆ ناوچەی نیشتەجێبوونی خۆیان.

لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤ رێكخراوی چەكداری داعش دەستیكرد بە داگیركردنی زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای سەڵاحەدین و ئەوەش بووەهۆی ئاوارەبوونی زۆربەی دانیشتووانی ناوچەكە بەرەو هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكە.

سەرەڕای ئەوەی دۆسیەی پەنابەران لەدوای گەڕانەوەی زۆربەیان بۆ ناوچە رەسەنەكانیان خەریكە دادەخرێت، بەڵام میلیشیاكانی سەر بە ئێران بە بیانوی پاراستنی شیعەكانەوە رێگری دەكەن لە گەڕانەوەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندایە.

لەو بارەیەوە چەند شایەتحاڵێك وتیان: میلیشیای خەزعەلی هەڕەشەی لە دانیشتووانی گوندی فەرحاتیەی سەر بە ناحیەی بەلەد كردووە بەوەی ئەگەر ماڵەكانیان بەجێنەهێڵن ئەوا لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی نوێی پاكتاوی خێڵەكی دەیانكوژن، ئامانج لەم كردەوەیەش، بەكارهێنانی ئەو زەوییە بەپیتە كشتوكاڵییانەیە كە لە بنەڕەتدا هی دانیشتووانە رەسەنەكەی ئەو گوندە بوون.

بۆیە كاتێك میلیشیای چەكدارانی ئەهلی حەق، لە كۆتایی هەفتەی رابردوو ژمارەیەك ئاوارەی سوننەیان بینی گەڕانەوە بۆ ماڵ و زەوییەكانی خۆیان لە فەرحاتیە، بڕیاریاندا هەڕەشەكانیان جێبەجێ بكەن و هەستان بە رفاندنی ١٢ لەو ئاوارە گەڕاوانە.

كاتێك دانیشتووانی فەرحاتیە تەرمی هەشت لەو رفێندراوانەیان بینی ترسیان لێنیشت، هاوكات، هێشتا چارەنوسی ئەو چوارەی دیكە بە نادیاری ماوەتەوە.

هەروەها سەرچاوە ئەمنییەكانی عێراق بڵاویان كردەوە، لەسەر رووداوەكەی فەرحاتیە، ژمارەیەك لە چەكدارانی میلیشیای خەزعەلی لە پێكدادانێكی چەكداری لەگەڵ سوپای عێراق لە سەڵاحەدین بریندار بوون، ئاماژەیان بەوەش كرد، شەش كەس دەستگیر كراون كە پێناسی حەشدی شەعبیان هەبووە.

لەلایەكی دیكەوە، هێزەكانی عێراق هەستان بە دەستگیركردنی ١٥ كەسی لە میلیشیا جیاوازەكانی سەر بە ئێران كە پەیوەندییان بە سوتان و كاولكردنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستانەوە هەبووە لە بەغدا.

بەپێی زانیارییەكان، هێزە ئەمنییەكان دەستیان بەسەر ٥٠ بۆمبدا گرتووە كە موڵكی ئەو كەسانە بوون كە بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەستیان لە هێرشەكەی سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستاندا هەبووە.

بەپێی رای سیاسەتمەدارانی عێراق، هەردوو تاوانی بارەگای پارتی و فەرحاتیە لە سەڵاحەدین عێراق دەخەنە ناو روبەڕوبوونەوەیەكی روونەوە لەگەڵ میلیشیا شیعەكانی سەر بە ئێران، كە دەبێتە هۆی دروستكردنی مەترسییەكی راستەوخۆ لەسەر یەكێتی وڵات.

هاوكات بەپێی رای چاودێرانیش، میلیشیاكان ئەم كارانە بۆ تێكدانی پلانی حكومەتەكەی كازمی و رێگریكردن لە رێكخستنی وەرەقەكانی بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لە هاوینی ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام دەدەن.

لەدوای هەردوو رووداوەكە، میلیشیا شیعەكان خۆیان ون كرد و یەكەمجار تاوانەكەی بارەگای پارتییان دایە پاڵ جەماوەرانی حەشدی شەعبی و تاوانی رفاندن و كوشتنەكەشیان دایە پاڵ رێكخراوی چەكداری داعش.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا