پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال، لە دەباشان پێشوازی لە میری ئێزیدییان میر حازم تەحسین بەگ و هاوژینی کرد و پشتیوانی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ خوشک و برایانی ئێزیدی دووپاتکردەوە.
لە دیدارەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە9ی تشرینی دووەم بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، “جەختیکردەوە کە ماڵی مام جەلال وەک هەمیشە ماڵی هەموو ئێزدییەکانە و سڵاو و ڕێزی تایبەتی سەرۆک بافڵ-یشی پێگەیاندن”.
میر حازم تەحسین و شاندی میوان، ستایشی رۆڵی سەرۆک مام جەلالیان کرد لە بەرگریکردن لە کوردانی ئێزدی و خۆشحاڵی خۆیان بۆ تێگەیشتنی یەکێتی و سەرۆکایەتییەکەی لە خەموژانی ئێزیدییەکان دەربڕی، هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر دروستکردنی میکانیزمێکی هەماهەنگی لە نێوان یەکێتی و ئێزیدییەکان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، قوباد تاڵەبانی بە گرنگی زانی یاسای ڕزگاربووانی ئێزیدی ژمارە 8 ساڵی 2021، کە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەندی کردووە، لە هەرێمی کوردستانیش بەرکار بکرێت و کاری پێبکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوژینی میری ئیزیدییان داوای کرد هەموو لایەک هاوکاربن بۆ بەرەنگاربوونەوەی «گوتاری رق و کینە» و لە مبارەیەشەوە بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەمووان هاوڕابوون لەگرنگی بەشداریکردنی ئێزیدییەکان لەسێکتەرە جیاجیاکانی دەسەڵات و دیاریکردنی نوێنەری تایبەت بە خوشک و برایانی ئێزیدی لە پێگەکانی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش، قوباد تاڵەبانی ئەوەی بەگرنگ زانی کە لە حکومەتی داهاتوودا خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکرێت.