پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
دوای ئەوەی بڕیارێكی وەزارەتی پەروەردە بۆ جێبەجێكردنی سیستمێكی پەروەردەیی بەناوی (هەگبەی زانستخوازی مامۆستا) لە ناوەندەكانی خوێندندا نیگەرانی مامۆستایان و سەرپەرشتیارانی لێكەوتەوە وەزارەتەكە گشتاندنێكی بڵاوكردەوەو ئاماژەی بەوەكرد، پرۆسەی زانستخوازی بەردەوام (هەگبەی مامۆستا) بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشێوەی ئەزموونی ئەنجام دەدرێت و لەهەر پەروەردەیەكی قەزا خوێندنگەیەك بۆ ئەنجامدانی پرۆسەكە دیاری دەكرێت.
بەپێی گشتاندنەكە، هەر خوێندنگەیەكی تر جگە لەوەی لەخاڵی پێشوو ئاماژەی پێكراوە، گەر ستافی كارگێڕی و مامۆستایانی ئارەزوومەندانە ویستی بەشداریكردنیان هەبێت بۆ جێبەجیكردنی پرۆسەی زانستخوازی بەردەوام پێویستە نوسراوی رەسمی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی قەزاكە بكات.
پێشتر لقی سلێمانی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە داوایەكیدا كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كردبوو و داوایكرد رەزامەندی بدات بە راگرتنی (پرۆسەی زانستخوازی و ئەنجومەنی دامەزراوە و مامۆستای راهێنەر)، لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەكرابوو، ئەو پرۆسەیە رەزامەندی كۆنگرەی پەروەردەیی وەرنەگرتووە و تێستكراو نییە، ئەنجامی چاوەڕوانكراویشی تێدا بەدی ناكرێت، ئەوەشخرایەڕوو، كە پرۆسەكە ئەركی پەروەردەكاران قورستر دەكات و ئاستی زانستی ناوەندەكانی خوێندن بەهۆكارە جیاوازەكان دادەبەزێنێت.