پۆڵەتیك پرێس
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت: ئەو ناجێگیرییەی لە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار چەند رۆژێكە دروستبوو هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بانكی ناوەندی دۆلار ناخاتە بازاڕەوە چونكە حكومەت كورتهێنانی بودجەی هەیە.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە پۆڵەتیك پرێسی وت: ئەو ناجێگیرییەی لە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دروست بووە كاتییە و هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بانكی ناوەندی دۆلار ناخاتە بازاڕەوە، تائێستا كاریگەرییەكی ئەوتۆی نەبووە لەسەر نرخی كاڵا و شمەك لە بازاڕەكاندا بەڵام ئەگەر درێژە بكێشێت بێگومان كاریگەری دەبێت.
سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی وتیشی: بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی هەیەتی، حكومەتی عێراق دەیەوێت قەرز بكات ئەمەش زیانی زۆری دەبێت چونكە ئەو قەرزە سودێكی زۆری دەچێتە سەر.
ئاماژەی بەوەشكرد لەبری پەنا بردن بۆ قەرز باشترە حكومەت بیر لە پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆیی بكاتەوە وەكو كەرتی كشتوكاڵ و پیشەسازی و وەبەرهێنان چونكە ئێستا عێراق بووەتە ناوەندێك بۆ ساغكردنەوەی بەرهەم و كاڵای ولاتانی دیكە.
ئەمڕۆ یەك شەممە نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی هاوتابوو بە 126 هەزار و 500 دینار