پایز هات و لەگەڵیدا رەشەبا و گەڵاڕێزانیش دەستیان پێکرد، وەک بڵێی ئیتر وادەی پاککردنەوەی رۆحی درەختەکانە!.
ئەمە چ قەدەرێکە لە پایزاندا باران درەختەکان دەشواتەوە و تاجی زێڕین بە گەڵاکان دەبەخشێت و رەشەباش سەفەری دوور و ئەبەدییان پێدەکات؟!.
چ وەرزێکی جیاوازە پایز وا دەستێکی توند بە هاوینەوە دەگرێت و دەستەکەی تریشی واڵا دەکات بۆ سەرمای وەرزی زستان و دواتر بەرەو بەهار و تازەکردنەوەی ژیان؟
دەتوانین بڵێین پایز هەر سێ وەرزەکەی تری لە خۆگرتووە!.
بۆ منیش پایز ئاگر و ئازاری دڵ و دەروون سەرلەنوێ داگیرسانەوەیە!
پەیوەندیی من بە پایزەوە زیاتر پەیوەستە بە هەستکردن بە خۆشیی و ناخۆشییەکانییەوە، پەیوەستە بە ئازاد هەورامیی هاوڕێم و مامۆستا موحسینی خاڵم، ئاخر منیش وەکو ئەوان شەیدای جوانیی پایزم.
قەدەر وابوو ئەوان هەردووکیان لە پایزدا کۆچی ئەبەدییان کرد، ئازاد هەورامی لە پایزی ساڵی(1988) ماڵئاوایی هەمیشەیی لە ئێمە و لە پایز و لە سروشتی کوردستانەکەی کرد، مامۆستا موحسینیش لە پایزی ساڵی (2021)دا و لە ماڵئاواییەکی ناوەختدا برینێکی دیکە و کەسەرێکی دیکەی خستە ناو رۆحمانەوە.
لەڕاستیدا تایبەتمەندیی پایز بۆ من دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی(1966)، لەو پایزەدا لە تەمەنی مێردمنداڵیمدا هەتیوکەوتین و ئیتر لەگەڵ دایکمدا بەتەنیشت ژیانێکی پایزییەوە لەپێناوی ژیانێکی شەرفمەندانەدا لەگەڵ هەژاریدا کەوتینە جەنگەوە.
پایزی ساڵی (1977)، پایزێکی جەرگبڕ و پڕ حەسرەت بوو، هەربۆیە لەگەڵ تێپەڕبوونی چرکە بە چرکەی پایزدا خەم و ئازارەکانم زیاتر دەبێت. لە رۆژانی سەرەتای وەرزی پایزی (1977)، پۆلێک تێکۆشەری دەگمەنی شۆڕشی نوێ و کوردایەتی، دوای کوشتنی خۆفرۆش (عوسمان محەمەد فایەق) و هەوڵی ئەنجامدانی چالاکییەکی دیکە لە زانکۆی موستەنسرییەی بەغدا لە (16) ئابی (1977)دا، بە مەبەستی کوشتنی یەکێک لە خۆفرۆشە کوردەکانی تر لە پایتەختی دیکتاتۆرییەتدا، بەڵام مخابن بەهۆی خائینێکی خۆفرۆشەوە دەکەونە ناو بۆسەی دەزگای ئەمنی عامەی بەغداوە و زۆربەیان دەگیرێن و دواتر حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپێنرا. هەرچەندە ئەو قارەمانانە لە ئەمنی عامەی بەغدا بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و بڕوا بەخۆبوونێکی زۆرەوە هەوڵی دەربازبوون و رزگاربوونی خۆیانیان دا، بەڵام بەداخەوە بەرنامەکەیان سەرنەکەوت و ملازم جوامێر لە بەتاوین لەلایەن پۆلیسی فریاکەوتنەوە سەرلەنوێ گیرایەوە و سەلمانیش لەسەر دیواری ئەمنی عامە بریندار کرا و بە برینداریش لەسێدارەدرا. لە بەرەبەیانی رۆژی 10 / 4 / 1978 شەش ئەستێرە گەشەکەی یەکێتی و شۆڕش (ملازم جوامیر و سەلام عەبدولڕەزاق و سەلمان داود و عادل و جەمال و شێرۆ)، نوقمی عەدەم کران و چوونە کاروانی شەهیدانەوە.
بە بڕیاری سەرکردایەتی کۆمەڵە و بە هاوکاری و هاوئاهەنگیی هەرێمی پێشرەو، رێکخراوی هەڵۆی سوور دامەزرا، کە لە ژمارەیەک گەنجی خوێن گەرم و قارەمان لە کوردی فەیلی لە بەغدا و مەنەلی و خانەقی و کەرکوک پێکهاتبوو، بەمەبەستی ئەنجامدانی چالاکیی عەسکەریی لەناو شاری بەغدا و جەرگەی دەسەڵاتدا. ئەم شێوە رێکخستنە لە خەباتی پێشمەرگایەتیدا بۆ ئامانجێکی سیاسیی لە مێژووی کوردایەتیدا دەگمەن بوو، هەرچەندە لە شۆڕشی ئەیلولدا گروپێک چالاکییەکیان ئەنجامدا و تاوانبار شاهین-یان لە بەغدا بە سزای گەل گەیاند، یەکێک لە ئەنجامدەرانی ئەو چالاکییەش (ئەکبەر حەیدەر)ی خەڵکی خانەقی بوو.
ئای لەو ئێوارەیە، کاتێ شەهید سادق شەریف (لەتیف) هات بۆ ماڵمان لە گەڕەکی جەلەوە و هەواڵی گرتنی ئەو پۆلە هەڵۆیەی هێنا، لەگەڵ بیستنی ئەو هەواڵە شوومەدا، وەکو ئاسمان رووخابێت و ئەرزیش چووبێتە باوشی نەمانەوە، ئاوام بەسەر هات!.
ماوەیەک عەوداڵی دەنگوباسیان بووین، من وەک دێوانە شەوان بەدەم هاژەی تافایی ژێر کۆپری گەورەی خانەقی و بۆنی باخەکانی جەلەوەوە لە قەراغی ئەڵوەندا بەدوای تارمایی هەڵۆ سوورەکاندا دەگەڕام.
لە راستیدا بیرەوەریی هاوڕێیانی هەڵۆی سوور، بەردەوام شۆڕدەبێتەوە ناو ناخم و لە گەڵمدا دەژی، بێگومان هەڵۆ بەرزفڕەکانی ئەم رێکخراوە بۆ هەمیشە مایەی شانازیی ئێمە و یەکێتی و تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانن. ئەوان لەو رۆژگارە تاریکەدا، نەوەیەکی پڕ لە هیوا و بڕوابوون بەراستی و دروستی زێبازەکەیان، وەکو شەهیدانی کەم بژی و کەڵ بژی (خاڵە شەهاب و جەعفەر عەبدولواحید و ئەنوەر زۆراب).
رژێم لە راگەیاندنی رەسمیدا (تەلەفزیۆن و رادیۆ و رۆژنامە) گرتن و لە سێدارەدانی ئەم پۆلە فیداکارەی بە سەرکەوتنی گەورە بۆ خۆی هەژمارکرد و بە تۆڵەی کوشتنی (عوسمان محەمەد فایەق)ی زانی، رژێم بە شەهیدکردنی ئەو پۆلە هەڵۆیە وای دەردەخست کە گورزێکی کوشندەی لە یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان وەشاندووە، بەڵام هەر زوو خەیاڵیان پوچەڵ بووەوە، چونکە لە کاتی گرتنیان هیچ نهێنییەکیان نەدرکاند و دواتریش بە خوێنی گەشی ئەوان و هەموو شەهیدان، شۆڕش زیاتر بڵێسەی سەند و دار ئەرخەوانی باڵاکردویی شۆڕشی نوێش، زیاتر بووژایەوە و گەشایەوە.
ناکرێت و رەوای حەقیش نییە لە باسی رێکخراوی هەڵۆی سوور لەو رۆژگارە سەختەدا، رۆڵی وسفییە بەنی وەیس، شێرەژنەکەی یەکێتی لە یاد بکەین کە ئەرکی گەیاندنی چەک و پێداوستیی تایبەتی بۆ رێکخراوی هەڵۆی سوور لە بەغدا گرتبووە ئەستۆ، بە ئوتۆمبێل و تەکسیەکەی عەلی باپیر دەیگەیاندە هاوڕێیانی هەڵۆی سوور. دوای حوکمی لەسێدارەدانیشیان و لە ماوەی راگرتنیان لە بەندیخانەی (ئەبو غرێب) تا ئەو رۆژەی لە ژیاندابوون، وەسفییە خان ئەڵقەی پەیوەندیی بوو لە نێوان ئەو هاوڕێیانە و رێکخستنی کۆمەڵەدا.
راستییەک هەیە دەبێ هەموو دۆست و نەیارێک بیزانێت کە یەکێتیی نشتمانیی کوردستان خاوەن پرۆژەی شۆرشی بەردەوامە، چ لە شاخ و چ لە شار. هەرکاتێکیش تووشی شکستێکی کاتیش هاتبێت، نەبەزیوە و نەچەماوەتەوە، سەرلەنوێ هەڵساوەتەوە و بەردەوامیی بە خەباتی پڕ لە شکۆ و شانازیی داوە لە پێناوی گەل و نیشتماندا.
عیماد ئەحمەد