پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
پێنج فراکسیۆنی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا، هاوپەیمانێتییەکی نوێیان بەناوی “هاوپەیمانیی بڕیار” راگەیاند.
رۆژی سێشەممە 5ی تشرینی دووەمی 2024 هاوپەیمانێتییەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا راگەیەندرا. ئەو هاوپەیمانێتییە لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی بە سەرۆکایەتیی موحسین مەندەلاوی، تەقەدوومی محەمەد حەلبوسی، بابلیۆنی رەیان کلدانی و ئەبشیر یا عێراقی هومام حەمودی پێکدێت.
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژە بەوە کرا، هەوڵ هەبووە دەست بەسەر یەکە کارگێڕییەکانی بەغدادا بگیرێت و وتیان، ئەوان کار دەکەن بۆ رەخساندنی هاوسەنگی لەناو ئەنجوومەنەکە.
ئاماژەیان بەوەش کرد، نایانەوێت هیچ لایەنێکی سیاسی لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا پەراوێز بخەن و هەوڵدەدەن هاوسەنگی دروستبکەن و هەمووان شایستەی خۆیان وەربگرن.
ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا لە 52 کورسی پێکهاتووە. بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن کورسییەکان بەم شێوەیە دابەشبوون: دەوڵەتی یاسا نۆ، هاوپەیمانی نەبنی نۆ، تەقەدووم هەشت، هاوپەیمانی هێزی دەوڵەتیی نیشتمانیی پێنج، سیادە چوار، عەزم چوار، حەسمی نیشتمانی سێ ، ئەساسی عێراقی سێ، ئەبشیر یا عێراق دوو، ئیشراقییەی کانوون یەک، گردبوونەوەی نەوەکان یەک، بزووتنەوەی بابلیون کریستان یەک و عامر داوود شەریف فەیلی- کوردی فەیلی یەک کورسی.