پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
کاتژمێر 2ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 5ـی تشرینی دووەمی 2024، بە کاتی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستیپێکرد و ئەمریکییەکان بۆ هەڵبژاردنی بەربژێری دڵخوازی خۆیان سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن.
بەگوێرەی ئەو داتایانەی لەلایەن بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، زیاتر لە 186 ملیۆن ئەمریکی مافی بەشداریکردنیان لە دەنگدانی ئەم جارە هەیە.
ئەمە 60هەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە لە مێژووی ئەمریکادا بەڕێوەدەچێت و تێیدا 47هەمین سەرۆک بۆ ئەو وڵاتە دیاریدەکرێت.
هەریەکە لە کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری پارتی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و بەربژێری پارتی کۆمارییەکان رکابەریی لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکەی کۆشکی سپی دەکەن.
کێبڕکێی سەرۆکایەتی تاکە کێبڕکێ نییە کە ئەمریکییەکان لەمڕۆدالەسەر سندوقی دەنگداندان یەکلایی دەکەنەوە. بەڵکو ئەمریکییەکان کەسانێک هەڵدەبژێرن بۆ پڕکردنەوەی پۆستە جیاوازەکان لە حکومەتی فیدراڵی و ویلایەتی و ناوخۆیی.
لە کێبڕکێی فیدراڵیدا، دەنگدەران سەرۆک و ئەندامانی ئەو دوو ئەنجوومەنە هەڵدەبژێرن کە کۆنگرێسی ئەمریکا پێکدەهێنن، ئەوانیش ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانە.