پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
تیمەکانی شارەوانیی سلێمانی بۆ هاوکاریکردن و بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان لە هەر رووداوێکی نەخوازراو و کەمکردنەوەی زیانەکانی باران بارین خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لێپرسراوی ئاوەڕۆی شارەکەش دڵنیایی لە روونەدانی لافاو دەدات.
مەحموود محەمەد، لێپرسراوی ئاوەڕۆی سلێمانی بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، تیمەکانی ئاوەڕۆی سلێمانی هەمیشە لە گەڕاندان و لە رێگەی ژمارە تەلەفۆنەوە لە هەر شوێنێک پەیوەندییان پێوەبکرێت، بەهانای هاووڵاتییانەوە دەچن و چارەسەری گرفتەکان دەکەن.
لەبارەی ئەو گەڕەکانەی تا ئێستا ئاوەڕۆیان نییە، لێپرسراوی ئاوەڕۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، “شارەوانیی سلێمانی لە پلانیدایە لە ماوەیەکی نزیکدا سیستمی ئاوەڕۆ بگەیێنێت بە سەرجەم ئەو گەڕەک و ناوچانەی کە ئاوەڕۆیان نییە”.
دڵنیایی دا بە هاووڵاتییانی شاری سلێمانی کە لە کاتی بارانبارینی بەخوڕیش مەترسیی روودانی لافاو نییە بە هۆکاری ئەوەی “هەڵکەوتەی شاری سلێمانی بەرز و نزمی زۆرە و هاوکارە بۆ تێپەڕبوونی ئاو، هەروەها سیستمێکی ئاوەڕۆی زۆر باش لە شاری سلێمانی هەیە بە تەواوی گەڕەکانی شاردا بڵاوبوونەتەوە.”