ژمارەیەك مامۆستا و خوێندكار لە خوێندنگەكاندا تووشی كۆرۆنا بوون

پۆڵەتیك پرێس

لە دوای دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندنگاكانەوە چەندین حاڵەتی توشبوون بە كۆرۆنا لەنێو قوتابخانە و خوێندنگاكاندا تۆماركراون، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت، تەندروستی خوێنكاران زۆر گرنگە و لە ئێستادا بەشێك لە مامۆستایانیش توشی ڤایرۆسەكە بوون كە كاریگەری دەبێت لەسەر خوێندكاران، پێدەچێت لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا بڕیاری نوێ لەبارەی دەوامی قوتابخانەكانەوە بدات.

ماوەی چەند رۆژێكە دەوامی بەشێك لە قۆناغەكان لەنێو هۆڵەكانی خوێندن بە كۆمەڵێك ڕێكاری تەندروستییەوە دەستیانپێكردووەتەوە و بەشێكی دیكەش بە شێوەی ئەلكترۆنی و ئۆنڵاین دەخوێنن و لە بەشێك لە ناوچەكانیش مامۆستایان بایكۆتی دەوامیان كردووە و هیچ جۆرە خوێندنێك دەستیپێنەكردووەتەوە.

ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی ڕاگەیاند: “لەدوای دەستپێكردنەوەی دەوامی خوێندن چەندین حاڵەتی توشبوون بە كۆرۆنا لەنێو خوێنداكاران و مامۆستایاندا تۆماركراون.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئاماژەی بەوەكرد: ژمارەی تووشبووان لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە جیاوازن یاخود لە قوتابخانەیەكەوە بۆ قوتابخانەیەكی دیكە جیاوازن، هەندێك شوێن زۆرە و هەندێك شوێن كەم.

ئاسۆ حەوێزی باسی لەوەكرد: بەشێك مامۆستایانیش توشی ئەو ڤایرۆسەبوون و ئەوەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر خوێندكاران و ژیانی مامۆستایان خۆشیان.

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕوونیشیكردەوە، لەئێستادا سەرقاڵی نوسینی ڕاپۆرتێكن بۆ ئەوەی ئاڕاستەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنای بكەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەو چوارچێوەیەدا بڕیاری نوێ لەبارەی خوێندنەوە بدەن.

رۆژی ۱۰ی تشرینی یەكەمی۲۰۲۰، بە فەرمی دەوامی خوێندكارانی قۆناغی یەكەم و دووەمی بنەڕەتی لە ناو پۆل، هەروەها دەستپێكی خوێندنی ئەلیكترۆنیی بۆ قۆناغی سێیەمی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی دەستیپێكرد لە بەشێك لە ناوچە جیاجیاكانیش مامۆستایان بایكۆتی هەردوو جۆرەكەی دەوامیانكرد بەهۆی دواكەوتن و پێنەدانی مووچەكانیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا