پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
شەپۆلێکی باران بارینی بەهێز تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەهۆی مەترسی لافاوەوە داوادەکرێت سبەینێ بکرێتە پشوو.
ئەمڕۆ شەممە2ی تشرینی دووەم، محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی لە لێدوانێکیدا بۆ پۆڵەتیک پرێس ڕایگەیاند،” لە دوێنێوە شەپۆلێکی باران بارین ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و بەتایبەتی گەرمیان، هەڵەبجە، سلێمانی، کەرکوک و هەولێری گرتووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەکرد، “لەئێستادا بارودۆخ ئاساییە، بەڵام پێشبینی دەکەین لە درەنگای ئەمشەوەوە لە گەرمیانەوە شەپۆلێکی باران بارینی بەهێز دەستپێبکات، لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست لێکدەدەن لەگەڵ هاتنی شێیەکی زۆر، بۆیە پێشبینی بارانی زۆر و بەهێز لەهەموو ناوچەکان دەکەین، بەتایبەتی لە گەرمیان، سلێمانی، کەرکوک و بەشێکی هەولێر، کە دەبێتەوە هۆی دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە سەنتەری شارەکان”.
ڕوونیکردەوە،” پلەکانی گەرما هەشت بۆ نۆ پلە ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن، باران بارینەکە بەشێوەی پجڕ پچڕ دەبێت بەڵام بەهێز دەبێت، ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و ئەگەری ڕوودانی هەورەبروسکەی توند هەیە”.
جەختیکردەوە و داوای لە هاوڵاتییان کرد، کە ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە دوڵ و نزماییەکان بەکارنەهێنن و لەکاتی گەیشتنی هەر تاوە بارانێکی بەهێز لە ماڵەکانیان بمێننەوە، داوای لە شوانکاران و کشتوکاڵکارانیش کرد بەرزاییەکان بەکارنەهێنن، چونکە ئەگەری دروستبوونی هەورەبروسکەی توند و چالا هەیە.
هاوکات، شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی رایگەیاند،” بەهۆی قوڵبوونەوەی شەپۆلەکە لە ئەمشە، سبەی یەکشەمە و شەوەکەی مەترسیەکانی لافاوو هەورە بروسکەی بەهێز، داوا دەکەین بۆ سەلامەتی هەموو لایەک سبەی یەکشەممە بکرێتە پشوو”.