پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ ئەمساڵیش کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان و خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کەمدەکرێتەوە.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمى کوردستان رایگەیاند، “ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەت و حکومییەکان کەمدەکرێتەوە، بەجۆرێک لە زانکۆ حکومییەکان کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران، بەرێژەی 45% کەمدەکرێتەوە و لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیش کرێی خوێندن بە رێژەی 10% بۆ 20% کەمدەکرێتەوە و سەرجەم بەش و قۆناغەکان دەگرێتەوە”.
وتیشی، “رێژەی کەمکردنەوەی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، لەسەر بنەمای ئەنجامی ریزبەندیی نیشتمانیی زانکۆ و پەیمانگەکان دیاریدەکرێن، واتە تاوەکو پلەی ریزبەندیی زانکۆ و پەیمانگەکە زیاتر بێت، ئەوا داشکاندنی زیاتری دەبێت لە نێوان 10% تاوەکو 20%”.
لە هەرێمی کوردستان 20 زانکۆی حکومی و 17 زانکۆ و 12 پەیمانگەى تایبەت هەن، بەشێکی زۆر لە زانکۆ حکومییەکانیش خوێندنی پارالێڵیان تێدایە و کرێی خوێندن بەگوێرەی بەشەکان و ئەو زانکۆیەی خوێندکار لێی دەخوێنێت دەگۆڕێت.