پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
نوێترین راپرسی لەنێو دەنگدەرانی ئەمریکی دەریدەخات، زیاتر لە نیوەی دەنگدەران دەیانەوێت بەشداری لە دەنگدانی پێشوەختە بکەن و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 60 ملیۆنیان دەنگیان داوە.
دامەزراوەی گاڵەپ (Gallup) نوێترین راپرسی سەبارەت بە دەنگدانی پێشوەختە بڵاوکردەوە.
راپرسییەکە کە لەنێوان 14 تاوەکو 27 ئۆکتۆبەر کراوە، 20٪ـی دەنگدەرانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە و بەربژێری خۆیان لە دەنگدانی پێشوەختە هەڵبژاردووە، هەروەها 34٪ـی دەنگدەرانی ئەمریکی رایانگەیاندووە، پلانیان هەیە بەشداری لە هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەن.
هەروەها 42٪ـی ئەو دەنگدەرانەی کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە ئاماژەیان بەوە کردووە، دەیانەوێت بە فیزیکی لە رۆژی 5ـی مانگ بەشداری لە دەنگدان بکەن.
تاقیگەی هەڵبژاردن لە زانکۆی فلۆریدا رایدەگەیێنێت، تاوەکو رۆژی هەینی، ژمارەی ئەوانەی بەشدارییان لە دەنگدانی پێشوەختە کردووە گەیشتووەتە زیاتر لە 60 ملیۆن کەس.
ئەو هاووڵاتییانەی مافیان هەیە پێشوەختە دەنگ بدەن، بریتین لەوانەی لە رۆژی هەڵبژاردندا گەشتیان هەیە، نەخۆشن، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، بەتەمەنن، کارێکی تایبەت یان بەرپرسیاریێتییەکی ئایینیان لە رۆژی هەڵبژاردندا هەیە، خزمەتی سەربازییان هەیە یان لە دەرەوەی ئەمریکا دەژین و کار دەکەن.
زیاتر لە 231 ملیۆن کەس لە ئەمریکا مافی دەنگدانیان هەیە، بەڵام تەنیا 168 ملیۆنیان ناوی خۆیان بۆ دەنگدان تۆمار کردووە.
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا رۆژی 5ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان رکابەرایەتیی یەکدی دەکەن