بەدەر لەوەی کێ دژ و کێ لەگەڵ ئەنجامی هەڵبژاردنە، بەدەر لەوەی کێ خۆی بە براوە دەزانێ و کێ بە دۆڕاو، بە دەر لەوەی کێ گومان لە دەستکاریکردنی ئامێرەکان دەکات و کێش پێیوایە ئامێرەکان بێ کەموکوڕین، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگ بوو.
گرنگ بوو، چونکە لانی کەم رێگری لە دروستبوونی دیکتاتۆر و تاکڕەوی کرد.
گرنگ بوو، چونکە چیتر لایەنێک ناتوانێت بە ناوی زۆرینەی ناڕاستەقینە بە ئارەزووی خۆی وڵات بەڕێوە ببات و نازیش بەسەر گەلدا بکات!
زووتر پارتی (٤٥) کورسی هەبوو، بەڵام ئێستا نزیکەی (٣٩) کورسی، واتە (٦) کورسی لە دەستداوە، جا با بۆ خۆی هەر بڵێ براوەی یەکەمم!
زووتر بەخۆشی بوو بێ یان بە ترشی پارتی هەژموون و دەسەڵاتی بەسەر (١١) پەرلەمانتاری پێکهاتەکان هەبوو، بەڵام ئێستا رەنگە بتوانێت هەژموونی خۆی بسەپێنێتەوە سەر تەنیا (٣) کەس. واتە لە نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیش (٨) ئەندامی لە دەستداوە. لەبەر ئەوە جارێکی دی پارتی ناتوانێت زۆرینەی بێ ناوەڕۆک دروست بکاتەوە و لەگەڵ هەر لایەنێکی دیش حکومەت پێکبینێت، لەژێر چاودێری و بەردەستی پەرلەمان دەبێت.
بڕواش ناکرێت یەکێتی یان هیچ لایەنێک ئامادە بێت بە هەمان شێوەی جاران لەگەڵ پارتی رێک بکەوێتەوە.
هەر رێکەوتنێکیش بۆ پێکهێنانی حکومەت بەبێ گۆڕانکاری لە سیستەم و شێوازی بەڕێوەبردن مەحاڵە.
راستە هێشتا پارتی قەوارەی یەکەمە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئەو پارتییەی جارانی دەسەڵات بێت، بۆیە ئەگەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێ هەڵبژاردن زۆر شتی گۆڕی.
ئارێز عەبدوڵڵا