مام جەلال و هەڵبژاردن

لەماوەی کەمپینی هەڵبژاردندا، زنجیرە وتارێکم سەبارەت بە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە کە زادەی باوەڕ و ڕەنگدانەوەی ویژدان و تێگەیشتنم بوون لەم پڕۆسە گرنگ و  نیشتمانییە. دوای تەواوبونی بانگەشە، دەمەوێت شتێک بنووسم وەک کۆتایی دیدی بەندە بۆ ئەم کەرنەڤاڵە دیموکراسییە هەتا ببێتە(ختامها مسک). لە راستیدا زۆر شت بە خەیاڵمدا گوزەری کرد، هەتا سەرئەنجام کەشتیی بیرکردنەوە و یادەوەریم لەسەر رووباری روونی مام جەلال و هەڵبژاردن لەنگەری گرت.

ئاشکرایە مام جەلال رێبەرێکی هەرە مەزن و شۆرشگێرێکی بە باوەڕ چەپ و بە کردەوە دیموکراسیخوازی ناو بزوتنەوەی سیاسی و کوردایەتیی پێشەکەوتنخواز بوو، یەکێک بوو لە سەرکردە هەڵکەوتووەکانی ناو مێژووی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەراست و تەنانەت جیهانیش. رێبەرێک کە بەندە زیاتر لە (١٨)ساڵ لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی، بەشانازیەوە لەگەڵیدا خەباتم کردووە و  لەو ماویەشدا لە زۆربەی هەرە زۆری کۆبوونەوەکانی (م س) بەشداریم کردووە.

دەتوانم بڵێم لەو سەردەمانەدا، کەسم نەبینیوە بە قەد مام جەلال باوەڕی بە دیموکراسی و ئازادی بیروڕا و سەربەستی ویژدان هەبێت، لە کاروباری سیاسی و  رێکخراوەییدا. لە کۆبوونەوەکاندا پەیرەوی نۆبەت و هاوبەشیی هەمووانی بۆ یەکلاکردنەوەی هەر  بڕیار و چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک دەکرد و بێ دودڵی لەگەڵ دەنگی زۆرینە بوو، بێگومان بەڕێزلێگرتنی بۆچوونی کەمینەش چونکە بە بڕوای تەواوەوە زەمینەسازیی دەکرد بۆ ڕەخساندنی کەشی گونجاو و دەستەبەربوونی بێ قەیدوشەرتی ئازادیی بیروڕا و رای ئازاد.

لە روانگەی سەرۆک مام جەلال -ەوە، دەنگدان هەم ماف و هەم ئەرکیش بوو،  هەر بۆیە بۆ هەموو هەڵبژاردنێک دەنگی خۆی دەدا و دەبوو بە پێشەنگ لە پڕۆسەکەدا. هەروەک دەشبینرا کە بۆ هەڵبژاردنی خولەکانی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان و عیراقی فیدراڵ، هەتا لە ژیاندابوو بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریی پرۆسەکەی دەکرد و بە شەوقەوە دەنگی خۆی دەدا.

یادی بەخێر مام جەلال، بەیانیان زوو هەر وەکو نەریتی جەژنی جاران، جلێکی فەرمیی و جوانی دەپۆشی و لەگەڵ هێرۆ خانی هاوسەر و هاوخەبات و هاورێی تەمەنی پڕ لەسەروەریدا،  پێکەوە دەچوونە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگی خۆیان دەدا و وەک دوو رێبەر و رێنوێن ماف و ئەرکە نیشتمانییە لەپێشینەکەیان جێبەجێ دەکرد.

پەرۆشیی مام جەلال بۆ پرۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا زۆر پر بایەخ بوو، بۆیە هەرگیز وەکو ماف لە کیسی خۆی نەئەدا، تەنانەت لە رۆژانی دوایی ژیانیدا و لە نەخۆشخانەی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا و لەسەر عەرەبانە لە 2014/4/24  بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقی فیدرالی دەنگی خۆی داو، کە بەم کردارەش هانی هەزاران کەسی دیکەیدا بچن بۆ دەنگدان.

سەد حەیف و مەخابن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، مام جەلال سەفەری ئەبەدیی کردووە و لەگەڵمان نیە هەتا بەلیاقەی سەرۆکێکی مەزن، پەنجەی دۆشاو مژەی بۆ نوێکردنەوەی دیموکراسیی نیشتمانەکەی شین بکات. هەروەک چۆن بەداخەوە هێرۆ خانی هاورێ و پشت و پەنای مام جەلال و ئێمەش، بە هۆی نەخۆشییەوە ناتوانێت بەشداریی کەرنەڤاڵی سەرکەوتنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان بکات، بەڵام بۆ رۆشن هێشتنەوەی بیرەوەری و بەردەوامیی خەباتی ئەوان و سەرکەوتنی یەکێتی لەم خولی پەرلەمانەدا، هەردوو کوڕە نازدار و بەوەفاکەی مام جەلال و هێرۆخان، (سەرۆک بافڵ و کاکە قوباد) لە رۆژی دەنگداندا، بیرەوەریی مام و هێرۆ خان زیندوو و رۆشن دەکەنەوە و پەنجەی وەفا و باوەڕیان شین دەکەن، وەکو دوو مۆم هەرێم رووناک دەکەنەوە، بەمەش دەیان هەزار گەنج و لاوی کورستان بە هەردوو رەگەزەوە و بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدانی سەربەرزی رێگای رزگاریی، لە تەنیشت سندوقی دەنگدانەوە پەنجەی دۆشاو مژەیان شین دەکەن و پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان سەردەخەن.

بێگومان ئەرکی ئەخلاقیی و نیشتیمانیی ئێمەمانان و هەر کوردێکی ژیر و بە پەرۆشە، هاوکاریی و پشتیوانیی ئەوان و ئەم پڕۆسە چارەنوسسازەش بێت، بەمەش رۆحی مام جەلال و هەموو شەهیدانی کوردستان شاد و دڵی پڕ لە خورپە و خۆشەویستی هێرۆ خانیش خۆش دەکەین.

عیماد ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا