پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە سیستمی دیموکراسیدا مافی هەڵبژاردن بۆ هەموو کەسێکە بەبێ جیاوازی، کە مەرجی دەنگدانی هەبێت، ژنان نیوەی دانیشتووانی وڵات و کۆمەڵگا پێکدەهێنن، بەشداریکردن و ئامادەبوونیان و دەنگدانیان لە هەڵبژاردندا، گرنگییەکی زۆری هەیە و کایگەری لەسەر دەرئەنجامەکان دەبێت، ئامادەبوونیان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، دەبێتە هۆی بنیادنانی کۆمەڵگایەکی تەندروستتر.
بەشداریکردنی ژنان لە هەڵبژاردندا، بەشێکی گرنگە و ڕۆڵ بینینیان وەک کاندیدی هەڵبژاردن گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ ئەو پرسانەی تایبەتن بە ژنان و مافەکانی ژنان.
مێژووی مافی دەنگدانی ژنان:
مێژووی مافی دەنگدانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1756، یەکەم ژن کە توانیوییەتی بە شێوەیەکی یاسای دەنگ بدات لیدیا تافت بوو لە ئەمریکا، لەساڵی 1872، ڤیکتۆریا کلاڤلین یەکەم ژن بوو کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە، ڤیکتۆریا کاندیدی پارتی مافە یەکسانەکان و چالاکوانێک بوو بۆ مافەکانی ژنان کاری دەکرد.
لە کوردستاندا، مێژووی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا دوور نییە، لە باشووری کوردستان، لە یەکەم خولی پەرلەمانەوە ژنان بەشدارییان کردووە، لە باکووری کوردستانیش لەیلا زانا یەکەم ژنی کورد بوو کە وەک سیاسییەکی کورد بەشداری هەڵبژاردنی کرد و بە کوردی سوێندی یاسایی خوارد، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2005ی هەرێمی کوردستاندا سیستمی كۆتای ژنان بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992ی هەمواركراو ئاماژە بە دیاریكردنی رێژەیەك بۆ ژنان دەكات، كە لە %30 كەمتر نەبێت، هەروەها رێژەی کورسی تەرخانکراو بۆ ژن لە پەرلەمان %30یە.
بڕیارە ڕۆژی 18ی تشرینی یەکەم دەنگدانی تایبەت و 20ی تشرینی یەکەمی 2024، دەنگدانی گشتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، کە 136 لیست و 1191 کاندید ململانێی بەدەستهێنانی 100 کورسی پەرلەمان دەکەن و 3 ملیۆن و 789 هەزار و 360 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
لەکاتێکدا، لە 1191 کاندید، 823 کاندیدیان پیاوە و 368 کاندیدیان ژنن، لە بازنەی هەولێر 395 بەربژێر هەن کە 277 پیاوە و 118 بەربژێریان ژنن، لە سلێمانی 516 بەربژێر هەن کە354 پیاو و162 ژنن، لە بازنەی دهۆک266 بەربژێر هەن 160 پیاوە و 66 ژنن، لە پارێزگای هەڵەبجە54 بەربژێر کێبڕێدەکەن کە32 پیاوە و 22 ژنن.
لیستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە 172 بەربژێر بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات و زۆرترین بایەخی بە کاندیدی ژن داوە و %30 بەربژێرەکانی ژنن، بەشێوەیەک 109 بەربژێریان پیاون و 63 بەربژێریش ژنن، بەوشێوەیە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان زۆرترین بەربژێری ژنی هەیە، لە بازنەی سلێمانی 26 بەربژێری ژن لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەن، لە هەولێر 24 بەربژێری ژن، دهۆک 10 بەربژێری ژن و هەڵەبجە دوو بەربژێری ژن.
یەکەم سەرۆک پەرلەمانی ژن لە مێژوودا، لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە دانرا، کە دکتۆر رێواس فایەق بوو، رێواس فایەق بڕواننامەی بەکالۆریۆسی لە یاسادا بەدەستهێناوە، دواتر ماستەری لە یاسا نێودەوڵەتییەکان تەواوکردووە، هەروەها بڕواننامەی دکتۆرای لە یاسای شارستانیدا هەیە، دوای کاندیدبوونی لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، لەساڵی 2013، لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان دەنگی پێویست دەهێنێت، دواتر بۆ هەڵبژاردنی 2017 لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، جارێکی دیکە هەڵدەبژێردرێتەوە و دەبێتەوە ئەدام پەرلەمان لە فراکسیۆنی یەکێتیی، لەڕۆژی 11ی تەمموزی ساڵی 2019 وەک سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا، دواتر لە 2ی تەمموزی 2023، دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری نایاسایی بوونی درێژکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەکرد، دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بە پەرلەمان کرد.