كەجەكە: 20ی مانگ لە دژی “هێڵی خیانەت و هاوكاری” دەنگ بدەن

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

كەجەكە داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە 20ی تشرینی یەكەم، هەڵوێستی بەهێز لەدژی “هێڵی خیانەت و هاوكاری” نیشان بدەن و پشتیوانی لە هێزو كاندیدە وڵاتپارێزەكان بكەن، دەشڵێت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، هەم بۆ باشوری كوردستان هەم بۆ سەرجەم كوردستان گرنگە.

ئەمڕۆ شەممە،12ی تشرینی یەکەم هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی كۆما جڤاكێن كوردستان-کەجەکە، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوەو تێیدا دەڵێت، لە قۆناغێکدا کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی گرنگی تێدا ڕودەدات، هەڵبژاردن لە باشوری کوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەمە هەم بۆ باشوری کوردستان و هەم بۆ سەرجەم کوردستان گرنگە.

لە راگەیەندراوەكەیدا جارێكی دیكە هێرشی كردۆتە سەر پارتی و بارزانییەكان و بە “هێزێک کە پێشەنگی بۆ هێڵی هاوکاریی و خیانەت دەکەن” ناوی بردون، ئەوەش نەك نەک تەنیا لە باشوری کوردستان، بەڵکو لە هەمو پارچەکانی کوردستان.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، زۆر گرنگە کە گەلەکەمان لە هەڵبژاردنەکانی 20ی تشرینی یەکەمی 2024 لە دژی هێڵی خیانەت و هاوکاری هەڵوێستێکی بەهێز نیشانبدەن.

جەختدەکاتەوە، گەلی کوردستانی وڵاتپارێز دەبێت پشتگیریی هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکان، دیموکرات و نەتەوەییەکان بکەن و بەپێی ئەمانە هەڵوێستی خۆی نیشان بدات.

ئاماژە بەوەشدەدات كە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بۆ ڕزگارکردنی باشوری کوردستان و سەرجەم کوردستان لە چنگی داگیرکاریی و جینۆساید و بۆ پێشخستنی سیستەمێکی دیموکراتی و ئازادییخواز، زۆر گرنگ دەبن.

دەشڵێت، دەبێت هێز و کاندیدە وڵاتپارێزەکانیش خاوەنداریی لەم هەڵوێستەی گەلی کوردستان بکەن و لە دژی هێڵی هاوکار و خیانەت، هێڵی وڵاتپارێزیی و ڕەگەزە دیموکراتییەكان بە بنەما بگرن و بەم شێوەیە درێژە بە کارەکان بدەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا