گوتاری فریودەر دەرەقەتی سیاسەتی کوردستانی راستەقینەی یەکێتیی نایەت

ئیتر کەس بەم گوتارە فریودەرە ناخەڵەتێ کە بەرگی کوردستانی لە خۆی پێچاوە و دژی بەرژەوەندییەکانی میللەتەکەشمانە. گەندەڵی و تەزویر و تاکڕەوی و قۆرخکاری و خۆسەپاندن بەناوی کوردستان و کوردایەتییەوە ، یان هەر ناوێکیترەوە بکرێت  ،فەرقی نییە و هەر قێزوەن و ناپەسەند و ناجۆرە. ڕەنگە لە حاڵی وادا تاوانەکە چەند قات بێت چونکە بەناوی ئەو ناوە بەرزانەوە دەکرێت. بەناوی کوردستان و کوردایەتی و خەونی گەشی حوکمڕانی کوردییەوە دەکرێت.

تازە رابوونەوەی هوشیارانەی گەلەکەمان  بوختان و چەواشە و فریوی ناسیونالیستی ئێوەی تێپەڕاندووە و بریاری خۆی داوە: کۆتایی بە سیاسەتی خۆسەپێنی ئێوە بێنێت و جارەنووسی خۆی تەسلیمی دەستی ئەمین بکاتەوە کە  لە تەنگانەوە و  ناخۆشیدا تاقیکردۆتەوە: دەستی ئەمینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتی بافل جەلال تاڵەبانی.

تازە ئەم هاشووهوشەی بە کوردی هەڕەشەی پێ دەکەن و گەلەکەمانی پێ دەتۆقێنن دادات نادات ، چونکە دەزانین بەعەرەبی و عەجەمی زمانێکی پاڕانەوە و چەمانەوەتان هەیە و ئەزبەرمان کردووە.

تازە نە ترسی تارمایی شەڕی ناوخۆ و نەترسی دنەدانی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت، نە هەڕەشەی تێکدانی سندوقەکانی دیموکراسی  و تەزویری دەنگدان و تەزویری دەنگەکان هیچیان زەفەر بە ئیرادەی گەلەکەمان نابەن.

ئیتر  ناتوانن بە گوتاری توندڕەوی نەتەوەیی و تۆمەتبارکردنی هەرزانی بەرامبەرەکانتان

واقیعی خاکفرۆشی و خەڵک فرۆشی خۆتان پەردەپۆش بکەن.

ئێستا ئیتر سیاسەتێکی کوردانە و کوردستانیی راستەقینە، سیاسەتی پەرۆشی بۆ ئیدارەی  هەرێم و یەکپارەچەیی قەوارەکەی ، سیاسەتی پەرلەمانێکی بە هەیبەت ، دیموکرات و چاودێری یاسا و رێساکان، سیاسەتی حکومەتێکی دەربەست و ئازا و پەرۆش بۆ ژیان و گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک جێ بە سیاسەتی گۆشەگیر و دواکەوتوو ، سیاسەتی جیاکاری و فەرق و جیاوازی نێوان شار و دەڤەرەکان، گەرەک و چین و توێژەکان لێژ دەکات و تەفروتونای دەکات.

لەمەودوا سیاسەتی حکومەتێکی کارا و یەک دەست و پەرلەمانێکی یەک و یەک ریز  کۆتایی بە ئیدارەی  دیوەخانی راسپاردە و کاکەبرایی و خۆم و خۆمانی دەهێنێت.

ئیتر بەدەنگی گەل لە بەرواری ٢٠ی تەشرینی یەکەمەوە ئێمە ئەمانە دەروخێنین کە ئەدگاری دەزگای کلیپ و فیلمی هندی و داتاشینی تۆمەتی بێ بنەمایە و لە جێگەکەی  حوکمی دادپەروەرانە و یاساسەروەری دادەنێینەوە.

کوردایەتی چەواشە تەواو ، کوردایەتی گەلپەسەند دێتەوە.

نەخێر بۆ کوردستانی گەندەڵ و جیاکار و قۆرخکار

بەڵێ بۆ کوردستانی دیموکرات و دادپەروەر ، کوردستانی حوکمی ژیر و بە ویژدان و زەمیر .

ستران عەبدوڵلا

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا