پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان تێپەڕدەبێت.
ئەمڕۆ حەوت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ماڵئاوایی شکۆی نیشتیمان و نەتەوەییەکدا کە مام جەلالە، ئەو سەرۆکەى هەمووان بێ جیاواز بیروڕای سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی، بە یارو نەیارەوە، بە سەرۆک و کاربەدەستانی وڵاتانى جیهانەوە بۆی تاسەبار و چاو بە فرمێسک بوون.
لە رۆژی سێشەممەی 3ی ئۆکتۆبەری 2017، مام جەلال، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.
مام جەلال، لە رۆژی 17 کانوونی یەکەمی 2012ەوە بەهۆی جەڵدەی مێشکەوە تەندرووستی تێكچوو. پاش ئەو رووداوە، چەندین جار بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی سەردانی ئەڵمانیا و نەخۆشخانەکانی کرد و دەگەڕایەوە بۆ کوردستان، بەڵام بەهۆی لەدوای رووداوەکەوە نەیتوانی تەندرووستی تەواوی خۆی بەدەست بهێنێتەوە.
مام جەلال، ناوی تەواوی جەلال حوسامەدین کوڕی شێخ نورەڵایی تاڵەبانییە، لە ساڵی 1933 لە گوندی کەلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە و لەساڵی 1959 کۆلێژی یاسا لە بەغدا تەواو دەکات.
سەرۆک مام جەلال لەساڵی 1970 لەگەڵ خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ژیانی هاوسەری پێکدەهێنێت. و دوو کوڕیان هەیە بەناوی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی.
رۆڵی مام جەلال لە کایەی سیاسیی کورد دا
مام جەلال، جیا لەوەی سەرکردەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و عێراق بوو، خەمخۆری تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان بوو. تا کاتی تێكچوونی باری تەندرووستیشی، بەردەوام لەهەوڵی یارمەتیدان و هاوکاریکردنی تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستانی گەورە بوو.
لە 1-6-1976، لە دیمەشق لەگەڵ نەوشیروان مستەفا و پێنج لە هاوڕێیانیان، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دادەمەزرێنن و دووبارە چەخماخەی هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ لێدەدەن. مام جەلال هەر خۆی دەبێت بە سکرتێری گشتیی یەکێتی و رێبەرایەتیی هەڵسانەوەی شۆڕشی گەلێک دەکات تا لە کۆتاییدا راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد لە بەهاری 1991 بووە مایەی ئازادکردنی پارچەیەکی نیشتیمان.
لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی گەلی کورد لە باشووری کوردستان و پرۆسەی ئازادی عێراق، مام جەلال لە ساڵی 2003 دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنی حوکم لە عێراق و لە مانگی نۆڤەمبەری هەمان ساڵدا، بە سەرۆکی هەمان ئەنجوومەن دەستینشان کرا. مام جەلال، رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە نوسینەوەی دەستوور و زامن کردنی مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدڕاڵدا.
یەکەم سەرۆککۆماری عێراق لە مێژوودا
پاش پرۆسەی ئازادیی عێراق و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی لەو وڵاتە، مام جەلال، لە 6ی نیسانی 2005، وەک بوو بەیەکەم کورد کە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەربگرێت لەرێگەی هەڵبژاردنەوە. ئەو جارێکی دیکە و لە ساڵی 2010، بەهۆی کاریزما و لێهاتوویی و خۆشەویستی هەردوو ماڵی شیعە و سوننە بۆی، جارێکی دیکە بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە.
لە دووەمین ویلایەتی سەرۆکایەتییەکەیدا و لە رۆژی 17ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2012، مام جەلال بەهۆی تووشبوون بە جەڵتەی مێشک نەیتوانی بەردەوامی بدات بە پۆستەکانی وەک سەرۆککۆماری عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و لەو رۆژەدا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە بەرەو وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێکەوت، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و 19-7-2014 گەڕایەوە کوردستان.
مام جەلال، حەوت ساڵ لەمەوبەر و لە رۆژی 3-10-2017، لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کردو دواتر لە مەراسیمێکدا تەرمەکەی گەڕێندرایەوە کوردستان و لە گردی دەباشانی شاری سلێمانی، بەخاکسپێردرا.
ئەمساڵ رێورەسمی ساڵرۆژی کۆچیدوایی سەرۆک مام جەلال لە شاری کەرکوک بەڕێوەدەچێت
د. محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “حەوتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال لە کەرکووک دەکەینەوە و چەند چالاکییەک لەو رۆژەدا بەڕێوەدەچێت.”
زیادیکرد، “کەسایەتیی مام جەلال لەناو کورد و عێراق و ناوچەکە دا جارێکی دیکە دووبارە نابێتەوە، بۆیە پێمانباش بوو چالاکییەکانی دامەزراوەکە تەنها لە سلێمانی نەبێت، بەڵکو هەر ساڵە و لە شارێکی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت.”
باسی لەوەشکرد، یەکەمین ساڵیادی کۆچی دوایی مام جەلال لە هەولێر بووە، دواتریش بەغدا و سێیەمین ساڵیادیش لە کەرکووک دەبێت چونکە کەرکووک، گرنگییەکی زۆری بۆ مام جەلال و کورد هەیە.