ئاماری قوربانیانی زریانی هێلین لە ئەمریکا لە هەڵکشاندایە؛ لانیکەم 64 کەس گیانیان لەدەستداوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەرپرسانی ئەمریکا رایانگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی زریانی هێلین-ەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە 64 کەس و ئاستەنگیی رووبەڕووی تیمەکانی فریاگوزاری بووەتەوە لە رزگارکردن و بەهاناوەچوونی سەدان خێزان کە بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوەوە گیریانخواردووە.

رۆژی شەممە بەهۆی هاتنی زریانی هێلین-ەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە و بووەتە هۆی درووستبوونی لافاو و رووخانی ژمارەیەکی بەرچاو لە ماڵ و فرۆشگا و رێگاوبانەکان.

زریانەکە بە یەکێک لە مەترسیدارترین کارەساتە سرووشتییەکان دادەنرێت و زەرەر و زیانێکی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە. کۆمپانیای ئاکوو وێزەر-ی بواری کەشوهەوا زەرەر و زیانەکانی زریانی هێلین-ی بە 95 بۆ 110 ملیار دۆلار خەمڵاندووە.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس بە پشت بەستن بە زانیارییەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکانەوە ئاماری قوربانییانی زریانەکەی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەهۆی هاتنی زریانی هێلین بۆ هەندێک ناوچە لە باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکاوە لانیکەم 64 کەس گیانیان لەدەستداوە، 24 کەس لەوانە لە ویلایەتی باشووری کارۆلاینا، 17 کەس لە جۆرجیا، 11 کەس لە فلۆریدا، 10 کەس لە کارۆلاینای باکوور و 2 کەسیش لە ڤێرجینیا بووە.

ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە زریانی هێلین گەیشتە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای فلۆریدا و وێرانکارییەکی گەورەی نایەوە. خێرایی با لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە 225 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و وێرانکارییەکی گەورەی ناوەتەوە. ناوەندی نیشتیمانیی زریانەکانی ئەمریکا رایگەیاندووە، کاریگەرییەکانی زریانەکە لە رۆژی یەکشەممەدا بەردەوامییان دەبێت و باری نائاسایی لە شەش ویلایەتی ئەمریکا راگەیەندراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا