پەیامێک لە دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی2024 _ 2025 و لەهەمان کاتدا، دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.

پارێزگاری سلێمانی، رایدەگەیەنێت، بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی2024 _ 2025 و، لەهەمان کاتدا، دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزبایی پارێزگای سلێمانیتان پێشکەش دەکەین. دەخوازین ئەمڕۆ، سەرەتایەکی نوێ بێت بۆ پەرەپێدانی بەردەوامی پرۆسەی خوێندن و پەروەردەو فێرکردن و فێربوون، کە تیایدا لە سنوری پارێزگاکەماندا 27115 قوتابی نوێ، چرۆ و خونچەو نەمامی نوێی پارێزگاکەمان، لە ژوانی پۆل و هۆڵ و ناوەندەکانی خوێندندا، دەپشکوێن، یەکەم بەریەککەوتن و ناسین بە دەوروبەرو کۆمەڵگاو دامەزراوە دەوڵەتییەکان ئەزموندەکەن. 393566 قوتابی و خوێندکار بە هیممەتی مەردانەی 37950 مامۆستا، لە 1525 قوتابخانەو ناوەندی خوێندندا، درێژە بە ڕەوت و ڕێگای ڕاستی پەروەردەو فێرکردن دەدەن.

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر راشیگەیاند: بە درێژایی مێژووی کۆن و نوێی ئەم پارێزگایە، کەرتی پەروەردە جێگای شکۆو شانازیی بووە، سەرچاوەی ڕونی گەشەپێدانی کۆمەڵگاکەمان بووەو ڕۆڵی بەهاداری لە بنەما شارستانێتییە نوێکەی شارەکەماندا بینیوەو، هەمیشە لە ڕیزی یەکەمی بەخشش و ئەنجام و ئامانج و بەرهەمی سەرکەوتنەکانی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردندا بووە، ئەرکی هەموومانە ئەم ڕابەرایەتیی و سەرکەوتن و دەسکەوتە گەورە مرۆڤایەتیی و شارستانیانە بپارێزین.

وتیشی: تەریب بەم پرۆسەیە، ئەمڕۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچێت، داوا لە هەموو لایەک دەکەین لەم هەڵمەت و هەڵبژاردنەدا، تەنها چاوو دەنگ و ڕەنگ و سەنگ و دەست و دروشم و هێرش و ڕەخنەو پەیام و هەنگاوەکانیان، لە خودی خۆیان و قەوارەکانیان نەبێت، بەڵکو هەموولا پارێزەری چوارچێوە گشتییە بنەڕەتییەکانی هەڵبژاردنەکان بن و زامنی پاراستنی کوردستان و قەوارەکەی و قبوڵکردنی یەکتریی و، پارێزەری ئارامیی و ئاسایش و ئاشتیی و سەقامگیریی گشتیی و ئازادییەکان بن، دیموکراسییەتێکی ڕاستەقینەو، هەڵبژاردنێکی تیوارو بێگەردو، قبوڵکردنی ئەنجامەکان و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و ئەو گۆڕانکارییانە بن کە بە میکانیزم و پەیام و وتارو هەڵوێست و کرداری مەدەنیانەو ئاشتیانەو دور لە ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن و لەکەدارکردنی یەکتر؛ نەخش و نەخشەی نوێی هەڵبژاردنەکان دەیانهێنێتە کایەوە.

جەختیشیکردەوە، حکومەتی خۆجێیی سلێمانی، بێبەریی و بێلایەنانە، لەپێناوی ڕەخساندنی دەرفەت و بانگەشەو هەڵبژاردنێکی هاوسەنگ و یەکسان و تیوارو ڕوندا، بەبێ جیاوازیی و جیاکاریی، لە خزمەتی هەمووتاندا دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا