پۆڵەتیك: سپۆڕت
كارلۆ ئەنچلۆتی ئەفسانە چ وەك یاریزان چ وەك ڕاهێنەر لە بارەی دێربی میلانۆ و هەردوو جەمسەرەكەی تۆپی پێی ئەو شارە و سوڵتان ئیبراهیمۆڤیچەوە دەدوێت.
لە دیمانەیەكی ڕۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆڕت دا ڕاهێنەرەكەی یانەی ئیڤەرتۆنی پێشەنگی پریمەرلیگ ئاشكرای دەكات: (دێبری هەمیشە ناوێكی گەورە و ناوازەیە لە جیهانی تۆپی پێ دا تەنها لە ئیتاڵیا ئەو یارییە گەورە و مەزن نییە بەڵكو لە ئەوروپا و لە تەواوی جیهاندا یارییەكی مەزنە).
سەبارەت بە یانەكەی پێشووتری خۆشی و ئەو كارانەی دەیكەن لە ئێستادا وتی: (ئەوەی ماڵدینی و پیۆلی دەیكەن لە ئێستادا هەوڵە ڕاستەكەیە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی میلان بۆ سەر ڕێگەی ڕاستی خۆی و كێبڕكێ كردنەوە لە سەر هەموو ئاستەكان بۆیە من چاودێری دەكەم لە دوورەوە و دڵنیام ماڵدینی و پیۆلی سەركەوتوو دەبن).
سەبارەت بە ئینتەر میلانیش وتی: (لە منداڵیم دا هاندەری سەرسەختی ئینتەر بووم، بەڵام مێژووی من چ وەك یاریزان یان ڕاهێنەر لەگەڵ میلان بوو شانازیش دەكەم ڕۆژێك لە ڕۆژان لەگەڵ ئەو یانەیە بووم و توانیومە مێژووی بۆ تۆمار بكات لە ئێستاشدا بەردەوام لە تەلەفۆن كردن دام لەگەڵ كۆنتی و ڕاو بۆچوون دەگۆڕینەوە پێشم وایە ئەم وەرزە ئینتەر دەیتوانێت شتێك بەرامبەر بە یۆڤی بكات).
لە كۆتاییشدا سەبارەت بە سوڵتان ئیبراهیمۆڤیچ پرسیاری ئاراستە كرا لە وەڵامدا وتی: (ئیبراهیمۆڤیچ هەر ئیبراهیمۆڤیچە و ناگۆڕێت ئەو یاریزانێكی ناوازەیە هەر یانەیەك خاوەنی ئەو یاریزانە بێت وەك ئەوە وایە دیارییەكی گەورەی وەرگرت بێت، چونكە ئیبرا هەتا تەمەنی هەڵبكشێت مەزنتر دەبێت ئێستاش ئەو شتە دەبینین).
دانەر ئەسڵان