دوای دیبەیتەکەیان پلانی هاریس و ترەمپ بۆ هەڵبژاردن چۆن دەبێت؟

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دوای ئەوەی لە دوو دیبەیت رووبەڕووی بایدن و جێگرەکەی بوەوە، دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، دیبەیتی سێیەم لە بەرامبەر کامالا هاریس ناکاتەوە. راپرسییەکیش ئاشکرای دەکات هاریس براوەی دوایین دیبەیت بووە.

رۆژی پێنجشەممە، 12-09-2024، دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی داهاتووی ئەمریکا لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ کە تایبەتە بەخۆی رایگەیاند: “دیبەیتی سێیەم روونادات.”

شەوی 10-09-2024 دۆناڵد ترەمپ و کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان لە شاری فیلادێلفیا لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە دووەم دیبەیتی سەرۆکایەتی رووبەڕووی یەک بوونەوە. دیبەیتەکە بۆ هاریس یەکەمجار بوو، چونکە لە دیبەیتی یەکەم جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بەشدار بوو، کە ئەوکات بەربژێری دیموکراتەکان بوو، بەڵام دواتر کشایەوە.

ترەمپ نووسی: “کاتێک شەڕکەرێک لە شەڕێکدا دەدۆڕێت، یەکسەر دەڵێت، دەمەوێت یارییەکی دیکە بکەمەوە. راپرسییەکان بە روونی پیشان دەدەن کە من دیبەیتەکەی دژی کامالا هاریس، بەربژێری تووندڕۆی چەپی دیموکراتەکانم بردەوە لە شەوی سێشەممە. ئەو یەکسەر داوای دیبەیتی دووەمی کرد.”

دوای تەواوبوونی دیبەیتە 105 خولەکییەکە کە کەناڵی ABC نیوزی ئەمریکی پەخشی کرد و هۆڵەکە هیچ جەماوەرێکی تێدا نەبوو، جێن ئۆمەیڵی دیلۆن، سەرۆکی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی هاریس وتی: “لە نێوان چوونە پێش لەگەڵ هاریس و گەڕانەوە دواوە لەگەڵ ترەمپ، پێویستە خەڵکی ئەمریکا بزانن چ هەڵدەبژێرن؟ ئەمریکییەکان ئەمشەو ئەوەیان بینی و پێویستە دیبەیتی دووەمیش بکرێت. کامالا هاریس ئامادەیە، ئەی دۆناڵد ترەمپ؟”

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپی 78 ساڵ لە هۆڵەکە هاتە دەرەوە و پرسیاری دیبەیتی دووەمی لێکرا، وتی: “دیارە دۆڕاون بۆیە داوای دەکەن. بیری لێدەکەمەوە، بەڵام مادام بردوومەتەوە، وابزانم پێویست بە دیبەیتێکی دیکە ناکات.”

دۆناڵد ترەمپ، لە درێژەی پۆستەکەی لە ترووس نووسی: “ئەو لە دیبەیتەکەی کەناڵی فۆکس نیوز بەشداری نەکرد، هەروەها رەتیکردەوە لە دیبەیتی کەناڵەکانی NBC و CBS بەشداری بکات. کامالا هاریس پێویستە سەرنج بخاتە سەر ئەو شتانەی کە دەبوو لە ماوەی نزیکەی چوار ساڵی رابردوو کردبای.”

دەزگای ئیپسۆس تایبەت بە راپرسی و ئامار رایگەیاند، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت کامالا هاریس 47٪ و دۆناڵد ترەمپیش 42٪ دەنگەکان دەباتەوە

پێشتر ترەمپ داوایکردبوو دیبەیتێک لە 04-09-2024 لە کەناڵی فۆکس نیوز و دیبەیتێکی دیکە لە 25-09-2024 لە کەناڵی NBC بەڕێوەبچێت.

رۆژی پێنجشەممە، دەزگای ئیپسۆس تایبەت بە راپرسی و ئامار رایگەیاند، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت کامالا هاریس 47٪ و دۆناڵد ترەمپیش 42٪ دەنگەکان دەباتەوە.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، 53٪ـی ئەوانەی بینەری تەواوی دیبەیتەکە یان بەشێکی بوون رایانگەیاند، هاریس بردوویەتیەوە و 24٪ـیش پێیانوابوو ترەمپ براوە بووە. 52٪ـی بینەران رایانگەیاند کە ترەمپ تەتەڵەی کردووە و باش نەبووە و 21٪ـیش وتوویانە هاریس باش نەبووە. لە ناو دەنگدەرە کۆمارییەکانیش کە پارتەکەی ترەمپە، لە پێنج دەنگدەر یەکێکیان لە ئاستی ترەمپ رازی نەبووە.

دوای دیبەیتەکە، هاریس بە نیازە چەند بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور بکات و دۆناڵد ترەمپیش روو لە ئەریزۆنا دەکات. نزیکەی 67 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان راستەوخۆ بینەری دیبەیتەکە بوون.

لەبارەی پلانی دوای دیبەیتەکە، تیمی بانگەشەی هاریس بڵاویکردەوە: “کامالا هاریس قۆناغێکی سەختتر و چڕتری دەستپێکردووە و دەیەوێت سەرکەوتنی خۆی مسۆگەر بکات.”

تیمەکە ئەوەشی ئاشکراکرد کە هاریس زیاتر لەگەڵ راگەیاندنەکان دەبێت. کامالا هاریس تاوەکو ئێستا، جگە لەو دیبەیتە، تەنیا یەک چاوپێکەوتنی تەلەفیزیۆنی کردووە.

هاریس سەرنجی لەسەر دەنگدەرە گەنجەکان و رەشپێستەکان دەبێت و هەوڵی رازیکردنیان دەدات بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن

بەگوێرەی تیمەکەی هاریس، خانمە بەربژێرەکە دەچێتە شارەکانی چارلۆت و گرینزبۆرۆ لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور. ئەو لە دوو شارەکە پەیامی ئەوە بە خەڵک دەدات “لاپەڕەی ترەمپ هەڵبدەنەوە.”

هاریس سەرنجی لەسەر دەنگدەرە گەنجەکان و رەشپێستەکان دەبێت و هەوڵی رازیکردنیان دەدات بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەن.

یەکەم بانگەشەی ترەمپ لەدوای دیبەیتەکە لە شاری تەکسۆن لە ویلایەتی ئەریزۆنا دەبێت. بەگوێرەی تیمی هەڵبژاردنەکەی، بەربژێرە 78 ساڵییەکە لە بانگەشەکەی سەرنج دەخاتە سەر “ئابووریی خراپی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە.” ترەمپ دواتر دەچێتە شاری لاسڤێگاس لە نیڤادا.

ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان بریتین لە ئەریزۆنا، ویسکۆنسن، نیڤادا، جۆرجیا، مشیگن، پێنسلڤانیا، ئۆهایۆ و کارۆلاینای باکوور.

هەمیشە ویلایەتە خۆڵەمێشییەکان ئاراستەی هەڵبژاردنەکانیان گۆڕیوە و چاوی بەربژێرەکانیان لەسەرە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا