پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای سەربازی شانشینی بەریتانیا کرد و رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی سەرکەوتوانە ھەنگاودەنێت لە پێناو بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی تاببێتە پارێزەری ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و عیراق و ھەرێمی کوردستان.
رۆژی چوارشەممە شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەفدێکی باڵای سەربازی شانشینی بەریتانیا کرد، بە سەرۆکایەتی ئەدمیڕاڵ ئیدوارد ئاڵگرین، راوێژکاری باڵای بەرگری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لە کۆبوونەوەیەکەدا کە ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەتی پێشمەرگە تێیدا ئامادەبوون، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگیەوە باسی لە چەند بابەتێک کرد تایبەت بە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە.
ھەروەھا شۆڕش ئیسماعیل رایگەیاند، پرۆسەی چاکسازی سەرکەوتوانە ھەنگاودەنێت لە پێناو بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی تاببێتە پارێزەری ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و عێراق و ھەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی پشتیوانی بەردەوامی بەریتانیا و وڵاتانی ئەندام لە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ھاوکات وەزیری پێشمەرگە ستایشی ھەوڵ و ھەنگاوەکانی مارشاڵ سامی راوێژکاری پێشووی بەرگری بەریتانیا لە رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقا کرد و رایگەیاند: سوپاس و پێزانین ئاراستەی ماڕشاڵ سامی سێمپسن دەکەن، کە لەماوەی ئەرکەکەیدا، ھاوکاری زۆری پێشکەشی وەزارەتی پێشمەرگە کرد لە گشت بوارەکاندا و دڵنیان ئەدمیڕاڵ ئیدوارد بە ھەمان روحیەتی کارکردن ھاوکار و پاڵپشت و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێت.
لە بەشێکی تری دیدارەکە، وەزیری پێشمەرگە و ئەفسەرانی پلەباڵای وەزارەت پیرۆزباییان لە ئەندرۆ بیزلی، کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە ھەرێمی کوردستان کرد و ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامیان بۆ خواست، وەزیری پێشمەرگە بە کونسوڵی بەریتانیای راگەیاند: “دڵنیاین ڕۆڵی باڵات دەبێت لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان و ھەماھەنگی زیاتری نێوانمان”.
ئەدمیڕال ئێدوارد، دڵخۆشی خۆی دەربڕی لە سەردانەکەی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە قارەمان و پارێزەری ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە ناوزەند کرد.
وتیشی: پێشمەرگە رۆڵی باڵای ھەبووە لە رووبەرووبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆر لە ناوچەکەدا و دڵخۆشن کە ھەوڵ و ئامانجی پێشمەرگە بۆ بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانییە.