پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل پشتگیریی خۆی بۆ رێککەوتنی وڵاتەکەی بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە راگەیاند. بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکرێن. راشیگەیاند، ئەو رێککەوتنە دەرفەقێکی ستراتیژی دەبێت بۆ ئیسرائیل بۆ هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی “ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی رووبەڕووی بوونەتەوە.”
رۆژی سێشەممە 10ی ئەیلوولی 2024 یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامانجی هەمووان ئازادکردنی بارمتەکانە، “گەڕاندنەوەی بارمتەکان، دروستترین کارە، بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتن دەرفەتێکی ستراتیژی دەبێت بۆمان و هەلێکیشمان پێدەدات، تاوەکو لە سەرجەم بەرەکان دۆخەکە بگۆڕین.”
زیاتر لە 11 مانگە، ئیسرائیل و حەماس لەنێو کەرتی غەززە لە جەنگدان، لە هەمان کاتیشدا رۆژانە لەگەڵ حیزبوڵڵا لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان مووشەک ئاراستەی یەکدی دەکەن.
ئەو لێدوانە نوێیانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، لایەنەکانی دانوستاندنکار تایبەت بە ئاگربەستی غەززە کە پێکهاتوون لە ئەمریکا، قەتەر و میسر، لە هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بە رێککەوتن، تاوەکو کۆتایی بەو جەنگە بێت کە بەگوێرەی قسەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 41 هەزار فەلەستینی کوژراون کە 70%ی ئافرەت و منداڵن.