پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لەتیف جەمال رەشید سەرۆكکۆماری عیراق ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی لە رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوك کرد و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی پارێزگای کەرکوك تاووتوێکران.
لە راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عیراقدا هاتووە، د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆککۆماری عیراق لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک کرد و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی پارێزگای کەرکوك لەبوارەکانی ئاسایش و ئابوری و خزمەتگوزاری تاووتوێکران و سەرۆكکۆمار گرنگی کەرکوك و تایبەتمەندییەکەی و پێویستی بەهێزکردنی برایەتی و ئاشتی لەنێوان پێکهاتە جۆراوجۆرەکانیدا دووپاتکردەوە.
ئاماژە بەوەکراوە، سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە لەسەر پێویستی چالاککردن و خێراکردنی هەنگاوەکانی بوژاندنەوەی رەوشی ئابوری و خزمەتگوزاری لە کەرکوكدا، هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ داخوازییە رەواکانی کەرکوکییەکان لەبوارەکانی ئاسایش و خزمەتگوزاری و گەشەپێداندا دوپاتکردەوە.
لە بەرامبەردا رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رێنمایی و بایەخدانی سەرۆكکۆمار بە کەرکوك دەربڕی و جەختیکردەوە، کە هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کەرکوك بە سەرجەم پێکهاتەکانییەوە، هاوکات راشیگەیاند، لەگەڵ سەرۆککۆمار تەئکیدمان لە تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک کردەوە کە پێویستە پێکهاتەی تورکمانیش بێنە ناو حکومەتەوە.
وتیشی، لەوبارەیەشەوە نووسراوی رەسمیمان ئاڕاستەی پێکهاتەی تورکمانەکان لە کەرکوک کردووە بۆئەوەی نوێنەرەکانیان بنێرنە ناو حکومەتی خۆجێیی کەرکوکەوە بەمەبەستی تەواوکردنی رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت.