لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی کەمئەندامان روونکردنەوە دەدرێت

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، کێشەی گەورە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەن، تا ئێستا حکومەتی عێراق رەزامەندی لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی کەمئەندامانی هەرێم و عێراق نەداوە. دەشڵێت پێویستە داوای جێبەجێکردنی یاسای ماف و شایستەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێم بکرێت لەبری هاوتاکردنی مووچەکانیان لەگەڵ بەغدا.

سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە پۆڵەتیک پرێسی راگەیاند، “بەگوێرەی یاسای ژمارە 22ـی ماف و شایستەکانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی هەرێم حکومەتی پابەند کردووە بە درووستکردنی سندووقێک بۆ ژیاندنی کەمئەدامان و لە بوودجە و داهاتی گشتی پارەی تێبکرێت، بەجۆرێک ئەو کەسانەی بەخێوکاری کەمئەندامانن %150ـی کەمترین مووچە لە هەرێم وەردەگرن، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها 150 هەزار دیناری بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بڕیووەتەوە و یاساکەی جێبەجێنەکردووە و مافی ئەو توێژەی نەداوە، هەر بۆیە پێش ئەوەی داوای هاوتاکردنی مووچەکانیان بکرێت، پێویستە داوات جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بکرێت.”

ئاشکرایکرد، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 97 هەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت هەن کە لەپێش ساڵی 2013 تۆمارکراون و لە دوای ئەو ساڵەوە هیچ کەمئەندامێکی نوێ تۆمارنەکراوە کە ژمارەیان نزیکەی 40 هەزار کەس دەبێت.

هەر کەمئەندامێک لە هەرێمی کوردستان ئەگەر مووچەی نەبێت، بڕی 150 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەوانەشی مووچەیەکی دیکەیان هەیە بڕی 100 هەزار دینار وەردەگرن. ئەمە لەکاتێکدایە مووچەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە عێراق بڕی 250 هەزار دینارە.

سۆران عومەر ئاشکراشیکرد، لە هەرێمی کوردستان تەنها کەمئەندامان هەن کە مووچەیان بۆ بەستراوە، مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ ژمارەیەک توێژ نەماوە کە تا پێش 2016 بڕە پارەیەکیان وەردەگرت کە ئەوکات ژمارەیان 80 هەزار خێزان بوو و دواتر کرا بە 56 هەزار خێزان.

بەگوێرەی یاسای چاودێریی کۆمەڵایەتیی ژمارەیەک چین و توێژ بڕە پارەیەکی مانگانەیان وەردەگرت کە بریتی بوون لە مووچەی بێوەژنانە، هاوسەری زیندانیکراوان (ئەوانەی کاسبکاریان بەندکراوە)، ئەو ئافرەتانەی تەمەنیان هەڵکشاوە و هاوسەرگیرییان نەکردووە، گەنجانی دەرچووی زانکۆ و بێکار، نەخۆشانی ئیفلیجی مێشک، ئۆتیزم و نابیانایان.

لەبارەی هاوتاکردنی مووچەی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەو پەرلەمانتارە رایگەیاند، بوونی دوو یاسای جیاواز سەبارەت بەو چین و توێژە لە هەرێم و بەغدا، گرفتی بۆ هاوتاکردنی شایستەداراییەکانیان درووستکردووە. جگە لەوە، شەهیدان و خاوەن ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی هەن کە مووچەکانیان هاوتای عێراق بکرێت.

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشدا، “تا ئێستا تەنها توانیومانە شەهیدانی شەڕی داعش لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ناوچە کێشە لەسەرەکان بگوازینەوە بۆسەر بەغدا و مووچەکانیان هاوتا بکرێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا